
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 22ی نیسان/ئەپرلی 2022، گەیشتەوە هەولێر.
مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن بۆریس جۆنسن سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، پەروەردە و وزە و بازرگانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی بەریتانیا پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی بەریتانیا، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا.
جگە لە دیدار و کۆبوونەوەکان، مەسرور بارزانی لە ئەنستیتیوتی بەناوبانگی بەریتانی چاتهام هاوس لە لەندەن گوتارێکی پێشکەش کرد و بەشداری گفتوگۆیەک بوو دەربارەی پرۆسەی سیاسی و بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچە کە چەندین دیپلۆمات و لێکۆڵەر و نووسەر و کەسایەتیی ناسراوی بەریتانی بەشداربوون.

هەر لە لەندەن، هەردوو سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا تۆنی بلێر و جۆن مێجەر، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا محەمەد جەعفەر سەدر سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
