
ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەو پێشێلكارییانەی لە کەرکووک دژی كورد دەكرێن، ڕووی بەعسی پێ سپی دەكەنەوە.
رێبوار تاڵەبانی گوتی: “بەپێی دەستوور پێشمەرگە دەبێ لە ناوچە كوردستانییەكان هەبێت، بەڵام ئێستا پێچەوانەی دەستوور كار كراوە، نەبوونی پێشمەرگەیە لە ناوچەكە کێشەی دروست کردووە، چونكە حكوومەتی عێراق دەستوور جێبەجێ ناكات، دەنا ئەو شوێنانە بەپێی دەستوور پێیان دەگوترێ ناوچەی جێناكۆك، ئێمەش بەپێی یاسای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناومان ناون ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی.
تاڵەبانی ڕایگەیاند: ” ئێستا دۆخەكە لە بەرژەوەندیی ئەوانە، چونكە دەستوور پێشێل كراوە و پێشمەرگە لەوێ نییە، كورد لە ناوچەكە بێناز كەوتووە، چونكە حكوومەتی عێراقی باكی نییە و هێزە سیاسییە شۆڤێنییەكان و نەیارانی كوردیش ئێستا بە هەلی دەزانن، بۆیە ئێستا ئەو پێشێلكارییانە دەكەن كە کاتی خۆی ڕژێمی بەعس چی لە دژی كورد دەکرد، ئێستا ڕووی بەعسی پێ سپی دەكەنەوە”.