
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی کرد و بارودۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەرانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 1/11/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یاسین ئەلمەعمووری، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی کرد و لە دیدارێکدا سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، کورتەیەکی دەربارەی کارو چالاکییە فریاگوزارییەکانی کۆمەڵەکە و پڕۆژە هاوبەشەکانیان لە گەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستەڕوو، ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ میوانداریکردنی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێکهاتە جیاوازەکاندا.
هەروەها لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران و گرنگیی هاوکاریکردنیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ شوێنەکانیان کرا
