
ئەمڕۆ چوارشەممە 13/10/2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە برد و تێیدا سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هەماهەنگیی و یەکڕیزی کار لەپێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستاندا بکەن.
سەرۆک وەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەگشتی کرد کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتوانە بەجێ گەیاند لە ڕەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.
سەرۆک وەزیران، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە و یەکگرتوانە و بە هەماهەنگیی و یەکڕیزی، کار بکەن لەپێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، دوور لە ململانێی ناوخۆیی، دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازیی و ڕەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران، هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە ڕێی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور، کار بکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوەە”.
پاشان کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد كە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵی.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون عەبدولحەکیم خەسرەو، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، کە چەندین ڕاسپاردەی تێدا بوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەپێناو بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانوونی شارەزا، لەژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیران.


