
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2021، شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە کەرکووک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە دۆخی کەرکووک سازکرد و ئاشکرای کرد سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆنگرەکەدا گوتی: لەکاتی ئاهەنگێڕانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک چەند گێرەشێوێنێک لەلایەن لایەنێکی دیکە کە بەرگەی دۆڕانییان نەکرد خۆیان خزاندە نێو ئاهەنگەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پشێوی دروستکردن و تێکدانی ئاهەنگەکە.
هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: هیچ کاتێک بێ بەڵگە قسەمان نەکردووە و بەڵگەی تەواومان لایە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیداری دەکەین کە بەشێک لە کادیر و ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێک خۆیان خزاندووەتە نێو ئاهەنگی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەکییان بەرانبەر خەڵکی مەدەنی و هێزەکان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی پشێویی و تێکدانی دۆخی کەرکووک.
هەروەها گوتیشی:ئەو دۆخە چارەسەر دەکرێت و جارێکی دیکە ڕێگە نادرێت شتێکی لەم جۆرە دووبارەببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی کەرکووک.
شایەنی باسە، کەمێک بەر لە ئێستا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و بڕیاردرا بە ئازادکردنی هەموو دەستگیرکراوان و ئارامکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک.