
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تەممووز/ یۆلیۆی 2021 پیشوازی لە شاندێکی رێکخراوی خێرخوازیی ئەمەریکی ساماریتان پێرس کرد.
شاندەکە کورتەیەکی چالاکی و پڕۆژە خێرخوازییەکانی رێکخراوەکەیان خستەڕوو، کە ماوەی چەند ساڵێکە کاری خێرخوازی و فریاگوزاری لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا ئەنجام دەدەن. ئاماژەشیان بەوەدا کە رێکخراوەکەیان بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان، کە بە شانازییەوە بووەتە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا و پەناگەیەکی ئارامیشە بۆ ئاوارە وپەنابەران.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی رێکخراوەکەی کرد، کە لە کاتی جیاوازدا پڕۆژەی خێرخوازیان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
