
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی تاقمێكی نێو یەكێتی بەسە بۆ ئەوەی سەركردەكانی ئەو حزبە روویان نەیەت سەر بەرز بكەنەوە.
جەزای سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتی، بە چاوپۆشیكردن لەو هەموو قاچاخچێتی و دزی و كوشت و بڕەی حزبەكەی و دەستە و تاقمەكانی نێو حزبەكەی لە سلێمانیدا دەیكەن، پەلاماری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی داوە و چەندان تۆمەتی ناڕاستی هەڵبەستووە.
لە بەرامبەردا نەجات حەسەن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، راگەیاند، ”کهیسی سزادراوانی بادینان كە ئەو بەرپرسەی یەكێتی و هەندێكی دیكە خۆیانی پێ بادەدەن، كەیسێكی یاساییه و ناکرێت رێگربین له بڕیاری دادگا، چونكە دادگا بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكانی خۆی هەر لە لێكۆڵینەوەوە تا بڕیاری تەمیزیش سەربەخۆیانە هەنگاوەكانی ناوە و تۆمەتبارەكانیش خۆیان دانیان بە كارەكانیاندا ناوە“.
داواشی لەو سەركردەیەی یەكێتی كرد، پێویستە سنوورێك بۆ دەستێوەردان لە كاروباری دادگا دابنێت و وانەزانێت ئەوەی دەتوانێت لە هەندێك شوێندا بەرامبەر بە دادگا بیكات، هەروەك داخستنی كەیسەكەی ئامانج بابانی، لە هەموو شوێنەكان بۆی دەچێتە سەر.
نەجات حەسەن داواشی لە جەزای سەید مەجید كرد، سەرەتا دان بەو تاوانانەدا بنێت كە لە سنوورەكەیاندا دژی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان كراون، هەر لە رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی و لەسێدارەدانی، كوشتنی كاوە گەرمیانی، ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی، ڕفاندنی سمكۆ بەنەفشی، بێسەروشوێنبوون و نەزانینی چارەنووسی عەلی قایار، شار بەدەركردنی دكتۆرە باخان ئازاد، زیندانیكردنی ناسیح رەحیم لەسەر كۆمێنتێك.
لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كە بەردەوام سەركردەكانی یەكێتی موزایەدەی پێوە دەكەن، ئەو سەركردەیەی پارتی ڕایگەیاند: ”ههموومان دهزانین، کاک جهزاش دهزانێت کێ بوون لە بەغداوە هەوڵی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانیان دا و تەنانەت دواتریش هانی پەرلەمانتارانی عێراقیان دەدا ڕێگە بە تێپەڕاندنی هیچ یاسایەك نەدەن بەهۆیەوە مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.
نەجات حەسەن پێیوایە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی كوردستان تۆڵەی ئەم دووڕووییە لە یەكێتی دەكەنەوە. گوتیشی: ”باسی فەراهەمكردنی ئازادیی كاری سیاسی لە سلێمانی دەكات، بۆ جەزای سەید مەجید نازانێت كێ بارەگاكانی پارتی لە سلێمانی دەسووتێنێت و كێن ئەوانەی زیاتر لە حەفتا جار تەقەیان لە بارەگاكانی پارتی لەم سنوورە كردووە؟“.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری تاقمێكی نێو یەكێتی كە ئێستا لە حزبەكەشدا باڵادەستن، بەسە بۆ ئەوەی نەتوانن سەر بەرز بكەنەوە.