لە زۆربەی كەلتوورەكاندا سەرخەوشكاندنی نیوەڕوان بووەتە نەریت، ئەوەش بە هۆی ئەوەی مرۆڤ پێویستی بە بڕێك پشووە بۆ ئەوەی وزەی نوێ وەربگرێت و بە چالاكییەوە رۆژەكەی تەواو بكات.
پێگەی (Sleep Foundation) رونیكردوەتەوە، پێویستی بۆ سەرخەوشكاندن ئاماژەیە بۆ تێرخەونەبوون و ئەم حاڵەتەش سود و زیانی خۆی هەیە.
سوودەكانی
ماوەی خەو لە نیوەڕواندا سودی زۆرە بۆ ئەو كەسانەی تەندروستیان باشە و كارەكەیان وا دەخوازێت تا كاتێكی درەنگی شەو بمێننەوە و بە باشی كارەكانیان راپەڕێنن و لە بەیانیاندا خەواڵوو نەبن، هەروەها سەرخەو شكاندن وا دەكات كەسەكان بە سەلامەتی شۆفێری بكەن، بە تایبەت ئەوانەی پیشەیان شۆفیری رێگە دوورەكانە و لەكاتی شۆفێریدا خەو نایانباتەوە.
زیانەكانی
توێژینەوە نوێیەكان سەلماندوویانە كەسانی پێگەیشتوو نابێت ماوەی سەرخەوشكاندنی نیوەڕۆیان زۆر بێت، چونكە ئەوە كاردەكاتە سەر تەندروستییان و ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵ و خەمۆكی زیاتر دەكات.
زۆرجار خەوتنی رۆژ نیشانەیە بۆ ئەوەی كەسەكە لە شەودا بەشی پێویست نەنوستووە و ئەمەش دیسان دەیانخاتە بەردەم مەترسی توشبوون بەو نەخۆشییانەی باسمان كردن.
هەندێك جاریش سەرخەوشكاندن بازنەیەكی بۆش دروست دەكات، چونكە لە كاتێكدا مرۆڤ بە نیوەڕۆ بخەوێت ئیدی شەو خەوی لێناكەوێت و بەیانی درەنگ بێدار دەبێتەوە، بە شێوەیەكی گشتیی تووشی پشێویی خەوتن دەبێت.
چ كاتێك گونجاوە بۆ سەرخەوشكاند؟
پێویستە سەرخەو شكاندن لە 20-10 خوولەك تێنەپەڕێت، چونكە گەر زیاتر بێت ئەوا كەسەكە لە دوای بێداربونەوەشی هەست بە لەش داهێزران و خەواڵویی دەكات.
خاك-كەشتیی نوح