سكرتێری كۆمه‌ڵه‌: ئه‌مریكا كارتی ئۆپۆزیسیۆن دژی ئێران به‌كار ناهێنێت

2 May 2019

avatar

سكرتێری كۆمه‌ڵه‌: ئه‌مریكا كارتی ئۆپۆزیسیۆن دژی ئێران به‌كار ناهێنێت


ئیبراهیم عەلیزادە سكرتێری كۆمەڵە – رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران، دەڵێت: تۆمارکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە، گۆڕانکاری جدی تێدا نییە بۆ ئێران چونکە واشنتۆن دەیەوێ هەرچۆن بووە تاران راکیشێتە سەر مێزی گفتوگۆ.


ئەم بڕیارە ناتوانێ گۆڕانکارییەکى زۆر جدى بێنێتە کایەوە لەئێراندا، چۆن بە ئاسانى سوپاى پاسدارانیان خستووەتە لیستى تیرۆرەوە هەر بەو ئاسانییە دەتوانن لەگەڵ ئێراندا بکەونە گفتوگۆو رێکەوتن. ئەمریکا پێشینەى لەم رووەوە زۆرە، پێشتر موجاهیدنى خەلق و قاعیدەو پەکەکەی خستبووە لیستى تیرۆرەوە، بەڵام دەبینی ئێستا لەگەڵیان دادەنیشێ.


دەرکردنی ئەم بڕیارە بە بڕواى من، پەیوەندى بە کۆمەڵێک جموجۆڵى سوپاى پاسدارانەوە هەیە کە لەناوخۆى ئێراندا کردوویەتى. ئەمریکا نایەوێ بەدیلى رژێمى ئێستاى ئێران لە داهاتوودا سوپاى پاسدارانبێ وەک ئەوەى لە زۆر وڵات سوپا حکومى دەکات. سوپاى پاسداران تەنیا سیستمى سەربازیى نییە بەڵکو سیاسى و ئابوریشە تەنانەت سیاسەتى دەرەوەى ئێران سوپاى پاسداران دیارى دەکات. دەرفەتى ئەوەى هەیە شێوەى حکومڕانى لە ئێراندا بگۆڕێت، بۆیە ئەمریکا رەنگە هەستى پێکردبێ سوپاى پاسداران ئەو دەرفەتە بەکاربهێنی. هەموو ئەو فشارانەى ئەمریکا بۆ ئەوەیە ئێران پەلکێش بکاتە سەر مێزى گفتوگۆ. ئەمریکا ئێستا نایەوێ رژێمى ئێران بگۆڕێت لەبەرئەوەى نازانن چی بەرنە جێگەى و بەدیلێک شک نابەن.



ئەویش هەر لە قازانجى کورد نییە، چونکە هیچ لە میلیتاریزمى سوپاى پاسداران کەم ناکاتەوە. هێزى سەربازیى لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەر پەرە پێدەدات، کە خراوەتە لیستى تیرەرەوە کێشەیەکى لە رۆژهەڵات بۆ ناخولقێ تابڵێت سەرچاوەى دارایى لێبڕاوە یان دەستى بەستراوەو چەکى دەست ناکەوێت، بۆ سەرکوتکردنى خەڵک تفەنگ کافییە.


ئەو پارتانەى لەناوەندى هاوکارین زۆر خۆش خەیاڵانە هەموو شتێکیان لەسەر سیاسەتەکانى ئەمریکا بنیات ناوە. هەموویان بەو ئومێدە دانیشتوون ئەمریکا بێت و ناوچەکەیان بۆ رزگار بکات یان رژێم بڕوخێنێ، جا ئەوانیش بە هێزى چەکدار بێن لە رۆژهەڵات شتێک بەدەست بهێنن. حسابى درێژماوەى ئەوان لەسەر خەباتى جەماوەریى نییە، بێجگە لەوەش لەناوخۆیاندا کێشەو ناکۆکى زۆریان هەیە، ستراتیژى ئێمە لەگەڵ ئەوان زۆر جیاوازەو لەناوخۆشیاندا جیاوازن، ئەوەى روونە ئێستا ئەمریکا بڕیارى نەداوە لەدژى ئێران بەکارتى ئۆپۆزسیۆن کار بکات و بەتایبەتیش کارتى کوردى. ئێستا کورد لە هاوکێشەى ئەمریکادا نییە، بەوە نابێ کە هەیئەتێکى کوردى بچێتە واشنتۆن کارمەندێکى  دەرەجە چەندى وەزارەتى دەرەوە ببینێ. وڵاتان هەمیشە توولە رێیەک دەهێڵنەوە و بەتەواوى پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ناپچڕێنن. هەمیشەو ئەو پەیوەندییانەش کە دەیهڵنەوە لەرێى دەزگاى جۆراو جۆرى جاسوسى و هەواڵگرییەوە دەیکەن.

راپۆت