بەرپرسێکی باڵای یەکێتی تەنها شێخ جەعفەر بەرپرسە لە تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان

15 Apr 2019

avatar

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی تەنها شێخ جەعفەر بەرپرسە لە تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان



دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١١ مانگ بەسەر پەلاماردانی چەکداریی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو شاری سلێمانی، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دان بەوەدا دەنێت کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی پەلاماری بارەگاکەی گۆڕانی داوە، بەڵام بابەتەکە بە ”کەسی“ ناو دەبات.


 


ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و بەهۆی ساختەکارییەکی بەربڵاو کە یەکێتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامی دابوو، بەپەلە چەند حزبێک لە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان کۆبوونەوە، بەڵام لەڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە بە چەکی (دۆشکە) تەقە لە ژووری کۆبوونەوەکە و گۆڕی نەوشیروان مستەفا و چەند شوێنێکی دیکەی نێو مەکۆی سەرەکیی گۆڕان کرا. بەو هۆیەوە تاوەکوو ئێستا گۆڕان ئامادە نییە لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە.


 


لەمبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە کە هۆکاری کۆنەبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی، ئەوەیە کە گۆڕان دەڵێت تەقە لە بارەگاکانی کراوە و پیرە بە ”وەهم“ وەسفی کردووە.


 


هاوکات ئاشکرای کردووە کە لەلایەن یەکێتییەوە تەقە کراوە، بەڵام بابەتەکەی بە کەسی ناساندووە و گوتوویەتی: ”ئەو ڕووداوە لەنێوان دوو بەرپرسی یەکێتی و گۆڕاندا بووە کە ھەردووکیان لە کۆنەوە یەکتر دەناسن، ھیچ پەیوەندی بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە نییە و ھیچ سوودێکیشی بۆ یەکێتی نییە“.


 


سەعدی پیرە ناوی شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی هێناوە و ڕای گەیاندووە: ”ئەو کاتە من گوتەبێژ بووم، باسی ڕووداوەکە و داوای لێبووردنیشم کرد، ئەو هەڤاڵەی ئێمە (شێخ جەعفەر) ڕوونکردنەوەی دا لە تەلەڤزیۆن کە ئەمە هیچ بڕیاری یەکێتی نەبووە“.

راپۆت