فازڵ میرانی:له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕاشكاومانكرد قسه‌ی بنی زمانمان خسته‌ سه‌ر زمان

13 Mar 2019

avatar

فازڵ میرانی:له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕاشكاومانكرد قسه‌ی بنی زمانمان خسته‌ سه‌ر زمان


سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكان، گوتی: "كۆبوونەوەی دوێنێمان لەگەڵ برادەرانی یەكێتی، ئەوەی لە بن زمانمان بوو، هێنامانە سەر زمان، كاتی ئەوە هاتووە بەرژەوەندیی خۆمان نەخەینە سەروو بەرژەوەندیی میللەت و وڵاتەوە".


فازڵ میرانی، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، كە دوێنێ لە میانەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێككەوتوون كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت، هاوكات كۆبوونەوەكەشی بە راشكاوانەتر ناو برد، ئەوەی لە بن زمانی یەكتر بووە، خراوەتە سەر زمان و خواستەكانی یەكێتییشیان وەرگرتووە، وەك خۆی ئاماژەی پێدا ئەوەی پێیان بكرێت دەیكەن و بۆیان جێبەجێ دەكەن.


ناوبراو نەیشاردەوە، لە ئێستادا بارودۆخەكە بە جۆرێكی دیكەیە و یەكێتی وا هەست دەكەن، كە وەكو پارتی پێشتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتوون، ئەوەش لە كاتێدایە بارودۆخەكان هەندێ جار وا دەخوازن بەسەر بابەتێكی دیكەدا باز بدەیت، لە پێناو زووتر راییكردنی پرسەكان، چونكە گرینگە پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بەردەوام بێت.


سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لە هاوبەشیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كردەوە، هاوكات بە شەریكی مێژوو و جوگرافیی خۆیانی ناو بردن، گوتیشی: "ئەوانەی وا چاوەڕێ دەكەن، لەسەر پۆستی وەزارەتێك، یا وەكیل وەزیرێك ئەم شەراكەتە لە بن بچێ، ئەوە لە بیر و باوەڕی پارتیدا بوونی نییە، سەرۆك بارزانی هەست بە مەسئولییەت دەكات لە بەرانبەر ئەو شەراكەتە".


نموونەیشی بە ساڵی ٢٠٠٣ هێنایەوە، كە یاسای دەوڵەت نووسراوەتەوە و مەجلیسی حوكم دامەزرا، لە سەرۆك بارزانییان پرسیوە: ئێوە وەكو كورد چیتان لە یاسای ٥٨ی برێمەر دەست كەوت؟ سەرۆك بارزانییش گوتی: ئەوانەی پێكهاتەی سیاسی و نەتەوەیی لە عێراق بووین، هیچكام لە ئێمە ئەوەی ویستی بە دەستی نەكەوت، بەڵام هەر یەك لە ئێمە شتێكمان بە دەست كەوت.


بۆیە فازڵ میرانی پێیوابوو پرۆسەی سیاسی بەو شێوەیەیە، هیچ لایەنێك ناتوانێت ئەوەی دەیەوێت، دەستی بكەوێت، نە ئێمە، نە برادەرانی یەكێتی، نە برادەرانی گۆڕان، بەڵكوو هەر یەكە و شتێكمان دەست دەكەوێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە، چیتر بەرژەوەندییەكانی خۆمان نەخەینە سەروو بەرژەوەندیی میللەت و وڵاتمانەوە، گوتیشی: "هەركاتێ ئێمە ئەمەمان پەیڕەو كرد، لەو بڕوایەدام میللەتی ئێمە لە ئاشتی و ئارامیدا دەژین".

راپۆت