كاتی ڕێگریكردنه‌ له‌ هه‌رجۆره‌ موزايه‌ده‌ و گوتارێكی ئاگرين و ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و ره‌فتاری تێكده‌رانه‌

3 Apr 2018

avatar
كاتی ڕێگریكردنه‌ له‌ هه‌رجۆره‌ موزايه‌ده‌ و گوتارێكی ئاگرين و ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و ره‌فتاری تێكده‌رانه‌
دانا مه‌نمی
له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دای سياسی و عه‌سكه‌ری و دارايی و ئيداری بووه‌ته‌وه‌، خه‌ريكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، به‌ هاوكاری هه‌ندێك هێزی نێوخۆی و چاوپۆشيی هێزه‌ ئيقليمی و جيهانيه‌كان، له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌ زياده‌وه‌ سزای هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و سنووره‌ ده‌ستووری و رێكه‌وتنه‌ سياسيه‌كانی پێشوو بنكۆڵ ده‌كه‌ن، دياره‌ ئامانجی ستراتيژیان‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ جارێكی ديكه‌ هه‌رێمی كوردستان توانای سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌ی نه‌مێنێ و سه‌ربه‌خۆييه‌كه‌ی له‌‌ ئاستی هه‌رێمێكی ملكه‌چ و سنوورداری ناو عێراقدا تێنه‌په‌ڕێ.
دۆخی ئيمڕۆی هه‌رێم به‌ شه‌وڕۆژێك نه‌هاتووه‌ته‌دی، به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ريشه‌یی هه‌ڵپه‌سێردراو و ئه‌ركی پشتگوێخراو په‌يدابوونه‌، كه‌ پێشتر كاريان به‌پێی پێويست له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و ئێستا كاتی هاتووه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، عاقڵمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان زۆرباش تێده‌گه‌ن له‌ نیه‌ت و خواستی خێری ده‌وڵه‌تمه‌دار ئاخر گرنگترین هه‌م و خه‌می ده‌وڵه‌تمه‌دار بريتين له‌ رێكخستنی ناوماڵ و هێنانه‌ديی يه‌كڕيزی سياسی و نیشتیمانی و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابوری و ته‌بايی كۆمه‌ڵايه‌تی، هیچ كات نكۆڵی نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی كه‌ كه‌مته‌رخه‌می و نه‌بوونی شاره‌زای له‌ سیكته‌ره‌كانی ئیداریدا هه‌بووه‌ ،به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌تمه‌دارو ستافه‌كه‌ی به‌پێی پێويست ئه‌وله‌ويه‌تیان به‌ پڕۆسه‌ی نيشتيمانسازی و ده‌وڵه‌تسازيی و تۆكمه‌كردنی سيسته‌می حوكمڕانی داوه‌ .
ده‌مێكه‌ كه‌لێنی گه‌وره‌ له‌ نێوان سه‌رجه‌م هێزه‌ سياسيه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و به‌ناو ئۆپۆزيسيۆنه‌كان په‌يدا بووه‌، به‌ڵام ئێستا كار له‌وه‌ تێپه‌ڕيووه‌و كه‌لێنی تریش له‌ هه‌ناوی زۆربه‌ی هێزه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و له‌ پرۆسه‌ی حوكمڕانی و ژيانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكيشدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌،هه‌رچی زۆنی سه‌وزه ستره‌كچه‌ری په‌يكه‌ری بڕياردان له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ لێكترازاوه‌ و له‌ ئاستی لوتكه‌وه‌ به‌ شێوازێكی مه‌ترسيدار په‌رته‌وازه‌ بووه كه‌ هيچ جۆره‌ مه‌ركه‌زيه‌تێك له‌ بڕيارداندا به‌دی ناكرێ.
له‌ زۆنی زه‌رديشدا گرفته‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌يه‌، په‌يكه‌ری بڕياردان به‌ زياده‌وه‌ تۆكمه‌یه‌و زیاتر مه‌ركه‌زيانه‌يه‌ كه‌به‌ جۆرێك كه‌ نه‌ك ته‌نيا له‌ ره‌خنه‌ی ئۆپۆزيسيۆن كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت وخواست و داواكاری خه‌ڵكیش به‌ گوێره‌ی توانا ئیمكان جێبه‌جێ ده‌كرێت ،له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ چاودێری وودی سیكته‌ره‌كانی ئیداری ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رلادان و كه‌چڕه‌وییه‌ك راستیان بكه‌نه‌وه‌ ،ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی دووجه‌مسه‌ری یه‌ له‌ هه‌رێمكێكی كوردیدا ،به‌ڵام چاویشی له‌وه‌یه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌سازی بۆ بكرێت كه‌ خه‌ون و ئامانج و خواسته‌كانی سه‌ربه‌خۆی سیاسی یه‌ بهێنرێته‌ دی .
تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی بڕياردانی سیاسی و سه‌ربازی و ئيداری و دارایی له‌ هيچ كام له‌و دوو زۆنه‌‌‌دا به‌ ته‌واوی نه‌گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تداری ،هه‌ژموونی حيزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كان له‌ لاوازكردن و بنكۆڵكردنی یه‌كتری و كاریگه‌ری و ڕۆلێكی هێجگار زۆری به‌سه‌ر په‌یكه‌ری بریاردانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، كه‌واته‌ ئێستا كاتی ديراسه‌تكردنی ئه‌ركه‌ هه‌نووكه‌ييه‌كانه‌ ،كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی نیوان خه‌لك و حكومه‌ت و فه‌رمانبه‌رانه‌ پاشان هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو قۆناغ به‌ قۆناغ چاكسازی سیاسی و ئیداری ئه‌نجام بدرێت و شه‌فافیه‌تی ئیداری نا به‌ڵكو سیاسیش له‌گه‌ل خۆیدا بهێنێته‌ ئاراوه‌ ، كاتی ڕێگریكردنه‌ له‌ هه‌رجۆره‌ موزايه‌ده‌ و گوتارێكی ئاگرين و ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و ره‌فتاری تێكده‌رانه‌ كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی زياتر لێكترازان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كاره‌ساتی دوو ئيداره‌يی ،كاتی دیراسه‌تكردنی داهاتی ناوخۆ و ڕێكخستنه‌وه‌ی موچه‌خۆرانه‌، كاتی زيندووكردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ ژێرخانيه‌كان، به‌دامه‌زراوه‌ييكردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌، كۆنتڕۆلكردنی گه‌نده‌ڵيی، ريفۆرمی سيسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و ئیداری حكومه‌تدارییه‌ ، كه‌ من دڵنیام حكومه‌تداری ده‌وڵه‌تمه‌دار وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ به‌كارهێنه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌ر گواسته‌وه‌و وه‌به‌رهێنانی له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هێنایه‌ بوون و هه‌زاران كۆمپانیای جیهانی هاتن بۆ كوردستان و به‌ ده‌یان هه‌زار هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ڕه‌خسا ، ئاوه‌هاش له‌ توانایدایه‌ به‌ پرۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌رێنێت .
راپۆت