نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی ده‌كرێته‌وه‌

17 Mar 2018

avatar
نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی ده‌كرێته‌وه‌


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی بنیات ناوه‌،به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی داواده‌كه‌ن به‌زوترین كات نه‌خۆشخانه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ بخرێته‌ خزمه‌تیان،وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ڵێت:له‌ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ گۆڕان كاری گه‌وره‌ش له‌ ته‌ندروستی نه‌خۆشانی به‌ركه‌وتوی چه‌كی كیمیاوی ڕوده‌دات.



كامیل عه‌بدلقادر به‌ركه‌وتوێكی كاره‌ساتی 16ـی 3ـی 1988 ڕایگه‌یاند:"ئێمه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی وه‌زعی ته‌ندروستیمان زۆر خه‌راپه‌ و پێویستمان به‌ چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌،هاوكاریمان بكات له‌ناوه‌وه‌ی وڵات بێت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ریمان بۆ بكرێت و له‌وهه‌مو ئازاروئێشه‌ ڕزگارمان بێت".


ئه‌وبه‌ركه‌وتوی چه‌كی كیمیاویه‌ ده‌شڵێت:"حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاویان له‌ به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی پێش قه‌یرانی دارایی ناردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌تایبه‌ت وڵاتی ئێران به‌ڵام دكتۆره‌كان پێیان وتوین كاریگه‌ری كیمیاویه‌كه‌ زۆر ته‌شه‌نه‌ی كردوه‌ له‌سه‌رتان كه‌ ده‌بو زووتر بهاتایان بۆ چاره‌سه‌ری بۆیه‌ ئێسته‌،چاره‌سه‌ر كردنیان زه‌حمه‌ته‌ له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌بووچه‌ند مانگ چارێك به‌ركه‌وتوه‌كان بڕۆشتنایه‌ته‌ لای پزیشك به‌ڵام ئه‌وه‌ وه‌ك پێویست نه‌ده‌كرا،بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌زووترین كات نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی له‌هه‌ڵه‌بجه‌،به‌ڕوی نه‌خۆشاندا بكرێته‌وه‌."


لوقمان عه‌بدلقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ڕاگه‌یاند:"له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه،هاوكاری به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی وكه‌سوكاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كراوه‌ به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بوه‌ كه‌ ده‌بوو زۆر زیاتر خزمه‌تیان بكات،بۆیه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین،هه‌وڵی زیاتر بدان بۆزوو كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی كه‌ وه‌زعی ته‌ندروستی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و خه‌راپی ده‌ڕوات."


لوقمان عه‌بدلقادر ده‌ڵێت:"پێش قه‌یرانی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی ناردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری،به‌ڵام پاش هاتنی قه‌یرانی دارایی ئیدی ڕه‌وانه‌كردنی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ڕاوه‌سێندراوه‌،به‌ڵام به‌كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی ده‌توانین بڵێن،خزمه‌تێكی باشده‌بێت بۆ ئه‌وبه‌ركه‌وتوانه‌ كه‌ ڕێژه‌كه‌یان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان نزیك ده‌دبێته‌وه‌ له‌ (750)كه‌س كه‌ به‌شێكی زۆریان وه‌زعی ته‌ندروستیان خه‌راپه‌و پێویستیان به‌چاره‌سه‌رهه‌یه‌ ڕۆژانه‌،بۆیه‌ داواش ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ پزیشكی پسپۆڕی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵابۆ بهێندرێت كه‌ بتوانێت هاوكاری نه‌خۆشه‌كانمان بكات".


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌یاسا ده‌بێت حكومه‌تی عێراقی ئێسته‌ كه‌ میرات گری حكومه‌تی پێشوه‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌سه‌رهه‌ڵه‌بجه‌وهاوڵاتیه‌كانی هاتوه‌ هیچ هاوكارێكی كه‌سوكاری شه‌هییدان و به‌ریندارانی كاره‌ساته‌كه‌ نه‌كردوه‌،سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ وتی:"تائێسته‌ حكومه‌تی عێراقی هیچ هاوكارێكی نه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كردوه‌ به‌گشتی نه‌ هاوكاری به‌ركه‌وتوانی كاره‌ساته‌كه‌ی كردوه‌ هیچ هاوكارێكی كه‌سوكاری شه‌هیدانیشی نه‌كردوه‌ته‌وه‌،كه‌ هه‌ربه‌پێ بڕیاره‌كانی دادگای عێراقی ده‌بو حكومه‌تی عێراق قه‌ره‌بوی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كانی بكردایه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌هاش داوای لێبوردنی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كانی بكردایه‌".


دكتۆر ڕێكه‌وت حمه‌ڕه‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند:"له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ 279 كارمه‌ندی تایبه‌ت به‌نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاویمان دامه‌زراندوه كه‌ ئێسته‌ له‌ وردبینی ناوه‌كانین له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و 18ی ئه‌مانگه‌ ناوه‌كانیان ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت‌،هه‌روه‌هاش ته‌واوی ته‌كمیله‌ی ئه‌جیزه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌شمان كردوه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیك كه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌ مانگی 4ـی ئه‌مساڵ به‌ڕوی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاویدا بیكه‌ینه‌وه‌".


ڕێكه‌وت حمه‌ڕه‌شید وتیشی:"له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ژیانی ئه‌ڵمانی خه‌ریكی واژۆكردنی گرێبه‌ستێكین،كه‌ هاوكاریمان ده‌كه‌ن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌خۆشخانه‌كه‌كه‌ ته‌واوی كاره‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ 1ـی 4ـی ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بێت".


نه‌خۆشانی به‌ركه‌وتوی چه‌كی كیمیاوی وه‌زعی ته‌ندروستیان زۆر خه‌راپه‌ به‌هۆی كاریگه‌ری چه‌كی كیمیاوییه‌وه‌،وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت:"موژده‌ ده‌ده‌مه‌به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی كه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ وه‌زعی ته‌ندروستیان زۆربه‌ره‌و باشی ده‌ڕوات،كه‌ خزمه‌تگوزاری زۆرباش پێشكه‌شیان ده‌كرێت."



ڕۆژی 16ـی 3ـی 1988 حكومه‌تی عێراقی به‌ سه‌ركردایه‌تی سه‌ددام حوسێن،شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیاباران كرد،كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ (10000)هه‌زار بریندار و (5000)هه‌زار شه‌هید و به‌سدان بێسه‌روشوێنی لێكه‌وته‌وه‌،له‌ ئێسته‌شدا نزیكه‌ی (750)به‌ركه‌وتوی چه‌كی كیمیاوی له‌ سه‌رئاستی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌(500)كه‌سیان ده‌كه‌ونه‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕۆژانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری هه‌یه‌.
راپۆت