بەپەلە:حەشد دەستی کرد بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد

بەپەلە:حەشد دەستی کرد بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد



حەشدی شەعبی و جەیشی عێراقی لە گەڕەکە کوردەکانی کەرکووک بڵاوەیان پێ کراوە و ماڵە کوردەکان دەپشکنن و چەند کەسێکیشیان دەستگیر کردووە.

بە پێی سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ببرێت ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە هێزەکانی حەشدی شەعبی و جەیشی عێراقی بە گەڕەکە کوردەکانی شاری کەرکووکدا بڵاو کراونەتەوە و ماڵە کوردەکان دەپشکنن و دوێنێشەویش دوو هاووڵاتیی کوردی کاکەییان دەستگیر کردووە.

سەرچاوەکە زیاتر زانیاری دا کە ئەو دوو هاووڵاتییەی لەو هەڵمەتەی دوێنێشەوی حەشدی شەعبیدا دەستگیر کراون، باوک و کوڕن بە ناوەکانی، جەبار کاکەیی و کوڕەکەی بە ناوی ئەحمەد جەبار، سەرچاوەکەش هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە، کوڕێکی جەبار کاکەیی، بە ناوی عەلی، ئاسایشە.

وەک سەرچاوەکە ئاماژەی پێ دا لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کورد لەو شارەدا لە ناو ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژی، هاوکات ئەو عەرەب و تورکمانانەی خۆشیان لە کورد نایەت، تۆمەت دەخەنە پاڵ کوردەکان و بە دەستگیرکردنیان دەدەن.

١٦ی ئۆکتۆبەری پار، چەند کەسێکی نێو لایەنێکی سیاسی، ڕێککەوتنێکی ژێربەژێریان لەگەڵ سوپا و حەشدی شەعبی کرد و کەرکووکیان ڕادەستی هێزە میلیشیاکانی عەرەب کرد، ئەوەش بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتیی کورد، هاوکات ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لە شارەکەش ماون، وەک خۆیان باسی دەکەن، ئازاد نین و تەنانەت بە شەویشدا بە ئارامی ناخەون.