به‌په‌له‌:هه‌زاران چه‌كداری داعش خۆی ڕێكخستوه‌ته‌وه‌ هێرشه‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

به‌په‌له‌:هه‌زاران چه‌كداری داعش خۆی ڕێكخستوه‌ته‌وه‌ هێرشه‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌


داعش بە شەو لە بەرزاییەكانی سنووری كەركووك و سەڵاحەددینەوە دادەبەزنە ناو شارۆچكە و گوندەكان، نزیكەی ٢٠٠٠ چەكداری داعشیش لە سنووری كەركووك ماون و، ئەو داعشانەی لە حەویجەش بوون، لە ژیاندا ماون و رۆژانە مەشق دەكەن.

٩ی ١٢ی ٢٠١٧، كۆتاییھاتنی شەڕی داعش و ئەو گرووپە تووندڕۆیە لەلایەن حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراقەوە راگەیێندرا، بەڵام تاوەكوو ئێستا سەدان چەكداریان لە دەشت و بیابان و بەرزاییەكانی سنووری مووسڵ، كەركووك، سەڵاحەددین و ئەنبار ماون.

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك عەمید سەرحەد قادر، ڕاگەیاند: "جموجۆڵەكانی داعش لە سنووری داقووق لە نزیك گوندی زەرگە و ناحیەی رەشاد زیاد بوون و، شەوانە دەچنە ناو خەڵك و بە رۆژیش دەچنەوە پەناگەكانی خۆیان".

لە چەند شەوی رابردوودا، لە گوندەكانی ئەلبومحەممەد و غێدە، داعش ھێرشیان كردە سەر ھێزە عێراقییەكان، ھەروەھا لە نزیك ناحیەی رەشادەوە تاوەكوو چیای حەمرین و وادی خەنازیر، زیاتر لە ٢٠ چەكداری حەشدی توركمانیان كوشتوون و لە ناحیەكانی عەباسی و زابیش، دەبینرێن و شەوانە ھێرش دەكەن.

بە گوتەی سەرحەد قادر، لە سنووری ناحیەی ریاز و گوندەكانی مەدینە و خەربەت عەزیز، داعش ھەیە و لە ھێرشێكدا عەقید فازڵ، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیس و كوڕێكی و چەند پاسەوانێكیشیان كوشتوون.
بەڵام عەقید كاوە مەلاپەروێز دەڵێت: "ئەو چەكدارانەی داعش ئامانجیان خەڵكی سڤیل نییە و تەنھا ھێزە عێراقییەكان دەكەنە ئامانج".

كاوە مەلاپەروێز، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی دووز، كە ئێستا بەرپرسی بنكەیەكی پۆلیسی كەركووكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری ناحیەی رەشاد، حەویجە و ریاز، ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش ھەن، ھەروەھا لە چەمەكانی رۆدخانە و كۆدەرە بە ئاشكرا دەبینرێن، بەڵام وەكوو خاك ھیچیان بەدەستەوە نییە و تەنھا كردەی كوشتن و تەقینەوە دژی ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی ئەنجام دەدەن و شەوانەیش دەچنە ناو گوندەكان بۆ كۆكردنەوەی خواردن و خواردنەوە".

ئەو داعشانەی لە حەویجە بوون، رۆژانە مەشق دەكەن
بە گوێرەی ئەو زانیارییە ھەواڵگرییانەی دەست سەرحەد قادر كەوتوون، ژمارەی چەكدارانی داعش لە سنووری حەویجە و دەوروبەری، نزیكەی ٢٠٠٠ چەكدار دەبێت و رۆژانە مەشق و ڕاھێنان دەكەن. ھەروەھا لە نێو شار و شارۆچكەكانیشدا شانەی نووستوویان ھەیە و گرووپە توندڕۆكانیش وەكوو نەقشبەندی و قاعیدە و راشیدینیش، ھاوكارییان دەكەن.

كاوە مەلاپەروێز دەڵێت: "لە كاتی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەدا، داعش ھیچ بەرگرییەكی نەكرد، كۆنتڕۆڵكردنەوەكەیش بە گوێرەی رێككەوتن بوو، بۆیە ئەو چەكدارانەی لەو سنوورە بوون، ھەموویان لە ژیاندا ماون و نەكوژراون".

مەترسیی گەڕانەوەی داعش ھەیە
لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، عەمید سەرحەد قادر، لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە، بەڵام وەك ئەركێكی پیشەییی خۆی، باس لە مەترسییەكانی چەكدارانی داعش دەكات و دەڵێت: "مەترسیی گەڕانەوەیان ھەیە، چونكە پێشتر ئەو خەڵكەی دەھاتنە كەركووك لەلایەن ئاساییش و پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرا و زانیارییان لەسەر كۆ دەكرایەوە، پێشتر كەمپەكان لە ژێر چاودێریدا بوون، بەڵام ئێستا چەكدارانی داعش خەڵكێكی زۆریان لە بەردەستە و ئێستا لە نێو كەركووكن، پێشبینییش دەكرێت لە ھەر كاتێكدا كاتژمێری سفر دابنێنەوە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی".

دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی فراوان بۆ سەر پێگەكانی داعش لە ٣ـی ئەم مانگەدا، ھێزە ئەمنییەكانی پارێزگای نەینەوا و كەركووك دەستگیركردنی ژمارەیەك چەكداری داعشیان راگەیاند.
لە ٣ـی ئەم مانگەیشدا، سەنتەری راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە فەرماندەییی ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە ھەڵمەتێكی ئەمنی لە ناوچەی بادۆش لە رۆژئاوای شاری مووسڵ، ھێزەكانی سەر بە بەرپەرچدانەوەی خێرا ١٧ چەكداری داعشیان دەستگیر كردووە كە ژمارەیەكیان فەرماندەی ناسراو بوون و بەپێی ماددەی ٤/١ی تیرۆر داوا كراون، پێشتریش لە ناحیەی بادۆش لە رۆژئاوای مووسڵ، ٧ چەكداری داعش خاڵێكی پشكنینی سەر بە فیرقەی ٢٠ی سوپای عێراقیان كردە ئامانج و بە ھۆیەوە ٤ سەرباز كوژران و ٢ی دیكەیش بریندار بوون.

وەك فەرماندە سەربازییەكان دەڵێن، داعش ھێشتا لە عێراق چالاكە و لە ھەندێك شوێندا پێویست بەوە دەكات ئۆپەراسیۆن بەردەوام بێت، بۆیە دەبووایە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، لە گوتارەكەیدا تێكشكاندنی دەسەڵاتی داعشی راگەیاندبا، نەك كۆتاییھاتنی.