به‌په‌له‌:یه‌كێتی بڕیاریدا كۆنگره‌ی حیزبه‌كه‌ی دوابخات بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان

به‌په‌له‌:یه‌كێتی بڕیاریدا كۆنگره‌ی حیزبه‌كه‌ی دوابخات بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان




ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێن، ئێستا هەردوو باڵەكە تێگەیشتوون لەوەی بەو دۆخەی ئێستای نێوخۆی یەكێتییەوە بەستنی كۆنگرە كارێكی قورسەو ئەنجامەكەیشی بە زیان بۆ یەكێتی تەواو دەبێت. ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێت: " كۆنگرە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە هەموو ئەوانەی پەرۆشین بۆ یەكێتی، نامانەوێت بەم هەموو كێشەیەوە بچینە ناو كۆنگرە".


بەر لەنەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسوڵ لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو، بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی‌و دروستكردنی دەستەیەكی نوێ، سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوەكەیان بەكراوەیی هێشتەوە و بڕیار بوو بۆ تەواوكردنی پرسی هەڵوەشاندنەوە، یان هێشتنەوەی مەكتەبی سیاسی و دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەی یەكێتی جارێكی دیكە كۆبنەوە، بەڵام زیاتر لەچوار مانگ بەسەر ئەو كۆبوونەوەیەدا تێپەڕیوە و تاوەكو ئێستا نەتوانراوە سەركردایەتی ئەو حیزبە كۆبوونەوەی تەواوكاریی بكات.


جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، كە هەفتەی رابردوو هەوڵی زۆر دراوە تاوەكو ئامادەكاریی بكرێت بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی، بەڵام "هێشتا هیچ ئەنجامێكی نەبووە و بڕیاری كۆتایی لای كاك كۆسرەتەو ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی سەردانی زۆرینەی هەڤاڵانمان كردووە و تا راددەیەك دۆخەكەمان هێور كردووەتەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام هەفتەی ئایندە بتوانین كۆببینەوە".


هەفتەیەك لەمەوبەر، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە، داوایان كرد بە پەلە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجامبدرێت‌و رۆژی كۆنگرە یەكلابكرێتەوە.


دواتریش ژمارەیەك كادری ئەو حیزبە لە هۆڵی تەلاری هونەر كۆبوونەوەو داوای كۆنگرەیان كرد و هۆشداریشیان دایە ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی، بەڵام وەك بەرپرسانی یەكێتی باسی دەكەن، لە مانگی یازدەی ساڵی رابردوو، دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی، كێشەكانی هێندەی دیكە ئاڵۆز كرد.


جەمیل هەورامی پێیوایە ئێستا ئەو پرسە سەركردایەتی بۆ سێ بۆچوون دابەش كردووەو رایگەیاند "بەشێكیان لەگەڵ مانەوەی مەكتەب سیاسین وەك خۆی تاوەكو كاتی كۆنگرە، بەشێكی دیكە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەو دەستە 11 كەسییەن، كە دەنگی لەسەردراوە، بەڵام بەشی سێیەم، كە دەنگی زۆرینەی لەگەڵە، داوا دەكات مەكتەب سیاسی كارەكانی خۆی بكات تاوەكو دەگەینە رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی دەستە نوێیەكە".


بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی پێیانوایە ئەگەر بەبێ بەستنی كۆنگرە بچنە نێو هەڵبژاردنەوە، بەئەنجامێكی خراپەوە لێی دەردەچن، بەڵام بەشەكەی دیكە دەڵێن ئەگەر بەو هەموو ناكۆكییەوە پێش هەڵبژاردنەكان بچینە كۆنگرەوە، كۆنگرە سەركەوتوو نابێت‌و ئەوەش وادەكات دەنگەكانیان لە هەڵبژاردن تەواو لە كەمی بدات، ئەوە جگە لەوەی ناكۆكی گەورەش لەسەر شێواز و میكانیزمی بەڕێوەبردنی كۆنگرەكەش هەیە.


جەمیل هەورامی راشیگەیاند "تاوەكو دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكێتی كۆنگرە نابەستێت و دواخراوە بۆ ئەو كاتە".


هەورامی زۆرتر لەو بارەیەوە روونكردنەوە دەدات‌و رایگەیاند "پێشتر ناكۆكیمان هەبوو لەسەر كاتی كۆنگرە و بەشێكمان لەگەڵ ئەوە بووین دوای هەڵبژاردن بكرێت و بەشێكی دیكەمان لەگەڵ ئەوە بووین پێش هەڵبژاردن كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام ئێستا ئەو ناكۆكییە بەزەقی نەماوە، چونكە زۆرینە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی لەم قۆناغەدا كار بۆ هەڵبژاردن بكەین و كۆنگرە بخەینە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق".


هەروەها سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بەهەمانشێوەی جەمیل هەورامی باسی هەوڵەكان دەكات بۆ لێكنزیككردنەوەی باڵەكان، كە ئامانجی ئێستایان رێكخستنی كۆبوونەوەی سەركردایەتییە "خەریكە دەگاتە بەرهەم‌و ئومێدم وایە تاوەكو هەفتەی ئایندە كۆببینەوە".


ئەو سەركردەیەی یەكێتی راشیگەیاند "لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی زۆربەی هەڤاڵانمان كردووەو كەس دژی كۆبوونەوە نییە، چووینە لای كاك كۆسرەت و پێیوتین سەردانی هەموو هەڤاڵان بكەن، هەوڵ بدەن ناكۆكییەكان كاڵ بكەنەوەو بۆچوونەكان لەیەك نزیك بكەنەوە تاوەكو بتوانین كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو بكەین‌و لەوێ هەر كەس كێشەیەكی هەیە باسی بكات".


ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی راگەیاند "ئەوەی تاوەكو ئێستا رێگر بوو لەكۆبوونەوە پرسی دیاریكردنی وادەی كۆنگرەو هەڵبژاردنی دەستە نوێیەكە بوو. ئێستا پرسی كۆنگرە چارەسەر بووەو زۆرینە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی، كە دەبێت بیخەینە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە كاتمان بەدەستەوە نەماوە و لیژنەكانیش كارەكانیان تەواو نەكردووەو هەڵبژاردنیش لە مەڵبەندەكاندا بۆ دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە نەكراوە، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە خۆمان تەرخان دەكەین بۆ هەڵبژاردنەكان و ئەگەر زۆر پێویست بوو لەبری كۆنگرە پلینیۆم دەكەین".


سامان گەرمیانی، باسی ئەجێندای كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سەركردایەتی دەكات‌و بەوەی "تەرخان دەكرێت بۆ پرسی هەڵبژاردنی دەستە نوێیەكە، كە دەبێتە جێگرەوەی مەكتەب سیاسی و ئەو پرسەش یەكلایی دەكەینەوە، بەڵام پێش كۆبوونەوەكە رێككەوتنی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی لەكۆبوونەوەكەدا ناكۆكی دروست نەبێت و بتوانین تەواوی بكەین".


بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نزیك لەباڵی دەستڕۆیشتوو، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، لەبارەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی قسەیەكی جیاواز دەكات و رایگەیاند "سەرەتا كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی دەكرێت و لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو پرسەكان یەكلایی دەكرێتەوە و لەوێوە بڕیار لە كات و وادەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەدرێت، هەوڵ دەدەین پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆبوونەوەی سەركردایەتی بكەین بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بچینە بانگەشەكەوە".


دەربارەی ئەو بۆچوونەش، كە دەڵێت مەكتەبی سیاسی نەماوە رایگەیاند "ئەوانەی دەڵێن مەكتەبی سیاسی نەماوە ئەوانە خۆیان یەكێتی نەماون، چونكە مەكتەبی سیاسی ئۆرگانێكە كۆنگرە دیاری كردووەو تەنیا كۆنگرەش دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هەیە".


بەڵام لەبارەی كۆنگرەو دواكەوتنی، ئەویش هاوڕای ئەندامانی دیكەی سەركردایەتییە و پێیوایە كات درەنگە و ناتوانن بەو نزیكانە كۆنگرە ببەستن، "كۆنگرە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە هەموو ئەوانەی پەرۆشن بۆ یەكێتی نامانەوێت بەم هەموو كێشەیەوە بچینە ناو كۆنگرە كە نازانین بە چ دەرئەنجامێك لێی دەردەچین، چونكە بەم دۆخەوە ترسی زۆر هەیە جیابوونەوە رووبدات".



Virus-free. www.avast.com