پیاوه‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی له‌گه‌رمیان ڕێگری له‌ جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری ده‌گرن له‌ ڕێگه‌ی ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ

پیاوه‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی له‌گه‌رمیان ڕێگری له‌ جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری ده‌گرن له‌ ڕێگه‌ی ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ


لە ڕۆژی شەموو و یەكشەمی ئەم هەفتەیە دەرباز كۆسرەت رەسووڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری یەكەی كارگێڕی گەرمیان بوو، بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی دانا، بەڵام بەر لەوەی چیمەنتۆی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكە وشك بێتەوە، شكێنرا، سەرچاوەكانیش ئەمە بەكاری باڵی بنەماڵەی ناو یەكێتی هەژمار دەكەن و دووپات لەوە دەكەنەوە كە باڵی بنەماڵە دەیانەوێ كەسانی نزیك لە كۆسرەت رەسووڵ لە ناوچەكە دوور بخەنەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونه‌كان بەر لەوەی 24 سەعات بەسەر دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی ڕێگەوبان لە گەرمیان تێپەڕ ببێ، كەسانی سەر بە باڵی بنەماڵە لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەكەیان تێكشكاندووە و ئەمەیشیان وەك پەیامێك ئاراستەی كۆسرەت رەسووڵ كردووە، تا پێی بڵێن ئەو سنوورە لە ژێر حوكمی ئەوانە و بەناوی حكوومەت بێ یان حزب، بۆی نییە چالاكی لە ناوچەكە هەبێ و خەڵك لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە.

شێركۆ حەسەن كەسوكاری شەهیدێكی یەكێتی و ئەندامێكی ئەو حزبە گوتی، ساڵی ڕابردوو ئەو پڕۆژانەی لە گەرمیان بەردی بناغەیان دانرا، لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە بوو، ئەمساڵیش كوڕەكەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی هاتە گەرمیان و بەردی بناغەی پڕۆژەی دانا، بە لێكدانەوە و ڕوانین لەو پرسە، دەردەكەوێ شكاندنی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیەی دەرباز كۆسرەت رەسووڵ لە گەرمیان ڕای گەیاند، كاری كەسانی سەر بە باڵی بنەماڵەی ناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

هیوا عادل گەنجێكی ناوچەی گەرمیانە گوتی، بەردی بناغەی هیچ پڕۆژەیەك بە چەند سەعاتێك دوای دانانی نەشكێنراوە، ئەمە كاری خەڵكی تووڕە و ناڕازی نییە لە حكوومەت، بەڵكو لە كارێكی بەرنامە بۆ دانراو و سیاسی دەچێت.

تاوتوێكردنی ئەو بابەتە و دەسكەوتنی زانیاری زیاتر، پێوەندی بە لایەنی كارگێڕی و تەناهیی گەرمیان كرد، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون ڕوونكردنەوەی لەسەر بدەن و باس لەو بابەتە بكەن.

لە ماوەی ڕابردوودا هێرۆ برایم ئەحمەد یەكێك لە كەسە باڵاكانی باڵی بنەماڵە لە نامەیەكدا هێرشی كردە سەر كۆسرەت رەسووڵ و ئاماژەی دا، نەبێتە هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام جەلال و بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆی بگرێتە ئەستۆ، لە بەرانبەردا كۆسرەت رەسووڵ وەڵامێكی توندی دایەوە و گوتی، دەبێ بزانین چ كۆنگرەیەك ببەستین و هێرشیشی كردە سەر باڵی بنەماڵە و ئاماژەی دابوو، ئەو هەڵە سیاسییە گەورانەی بەناوی یەكێتی كراوە، جەماوەری لە یەكێتی تۆراندووە و یەكێتی لە ڕووی نیشتمانییەوە پاشەكشەی كردووە.



Virus-free. www.avast.com