محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حمود:مێژوو خیانه‌ت كارانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر سزا ده‌دات

به‌په‌له‌:محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حمود داوا ده‌كات ده‌وڵه‌تی كوردستان ڕابگه‌یه‌ندرێت

محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حمود:مێژوو خیانه‌ت كارانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر سزا ده‌دات

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان، وردى باسی ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها باسی گرژییه‌كانى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا ده‌كات.



په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا گرژى و ئاڵۆزیى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، چى بكرێت باشه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا ده‌مێكه‌ تێكچوونه‌، به‌تایبه‌تى له‌و كاته‌وه‌ى كه‌ به‌غدا بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بڕیوه‌ و ده‌ستوورى عێراقى جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، بێ گومان له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕى داعشه‌وه‌ به‌غدا هیچ هاوكارییه‌كى كوردى نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو هه‌موو داواكارییه‌كانى گه‌لى كوردى ڕه‌ت كرده‌وه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا تێكچووه‌، ئێمه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئێمه‌دا نه‌بووه‌ و پێمانه‌وه‌ دیار نه‌بووه‌، ئێمه‌ هیچ شتێك نه‌ماوه‌ بۆ به‌غداى نه‌كه‌ین، هه‌موو شتێكمان بۆ به‌غدا كردووه‌، شه‌ڕى داعشمان بۆ كردووه‌، هه‌میشه‌ پشتیوانیمان له‌ به‌غدا كردووه‌، له‌دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ كاتى ڕاده‌ستكردنى ناوچه‌كه‌ جێناكۆكه‌كاندا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێن عێراق چى بڵێت ئێمه‌ ده‌ڵێین به‌سه‌رچاو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر عه‌بادى له‌ ده‌روازه‌یه‌كه‌وه‌ بڕوات یان باسی كورد بكات، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ و ده‌ڵێن، عه‌بادى باسی كوردى كردووه‌ و ڕه‌نگه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام وا نییه‌، عه‌بادى هیچ نیه‌تێكى نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كشێشه‌كان، دواجار حكوومه‌تێك كه‌ وڵاته‌كه‌ی و میلله‌ته‌كه‌ى به‌ هی خۆى بزانێت، به‌ڵام به‌ ده‌بابه‌ى ئه‌مەریكى و به‌ جه‌یشى حه‌شدى شه‌عبى و به‌ ڕقێكى زۆره‌وه‌ په‌لامارى كورد بدات، یان خانووى خه‌ڵكى هه‌ژارى خورماتوو بته‌قێنێته‌وه‌ و ڕۆژنامه‌نووس له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆیدا بكوژێت، یان به‌ ده‌بابه‌ى ئه‌مەریكى جه‌سته‌ى پێشمه‌رگه‌ بشێلێت، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى له‌ شه‌ڕى نه‌گریسى داعش هاوسه‌نگه‌رى بووه‌، ده‌بێت ئێمه‌ چاوه‌ڕێى چى له‌و حكوومه‌ته‌ بكه‌ین!



به‌ڕێزتان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌ ده‌بابه‌ى ئه‌مەریكى جه‌سته‌ى پێشمه‌رگه‌ى شێلاوه‌ و ده‌ستوورى عێراقى پێشێل كردووه‌، ئایا ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك هه‌بێت، عه‌بادى دادگایى ده‌كات؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: له‌ هه‌موو دنیادا یاسا بۆ خه‌ڵكى بێ ده‌سه‌ڵات به‌كار هاتووه‌، یاسا بۆ كه‌سانى ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بووه‌! ئه‌گه‌ر كه‌سێكى دیاریكراو شتێكى كردبێت، به‌ ته‌له‌فونێك 20 ساڵ سزا ده‌درێت، دواتر به‌ ‌ته‌لەفۆنێك ئازاد ده‌كرێت، دادوه‌ره‌كان كادیرى حزبین! ئه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى داواى بكات ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، تا هه‌نووكه‌ دادگاى فیدراڵیى عێراق پشتیوانیى له‌ گه‌لى كورد نه‌كردووه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ تۆ باسی ده‌ستوورى عێراق ده‌كه‌یت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕم به‌و ده‌ستووره‌ نییه‌، چونكه‌ ده‌ستوورێكى ناته‌واوه‌، ئه‌وانه‌شى ئه‌و ده‌ستووره‌یان داناوه‌، یان شاره‌زا نه‌بوون یان خۆشباوه‌ڕ بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عێراق نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ندى ده‌ستووره‌كه‌ى خۆیه‌تى، پێویسته‌ مافى هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ بپارێزێت، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر پێكهاته‌یه‌كى جیاواز له‌ په‌رله‌مانى عێراقدا رێژه‌ى كورسییه‌كانى له‌ 20% بێت، پێویسته‌ هه‌موو مافێكى پارێزراو بێت، ئه‌گه‌ر له‌نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراقدا پۆستێك به‌ر گه‌لى كورد بكه‌وێت، نابێت گۆڕانكاریى تێدا بكرێت، هه‌روه‌ها به‌پێى ئه‌و ده‌ستووره‌ داهاتى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاو و كاره‌باشه‌وه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا و ده‌بێ هه‌موو خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ ده‌ستى عێراقه‌وه‌ بێت، ڕاسته‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌ند فڕۆكه‌خانه‌یه‌كى هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى بیرى لێ بكه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانى خۆمان ناو نا فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ڵام ده‌بێت له‌مه‌ودوا بڵێین فۆڕۆكه‌خانه‌ى (نیو ده‌وڵه‌تى) چونكه‌ ئێستا فڕۆكه‌خانه‌ له‌ژێر ڕكێفى ئێمه‌دا نه‌ماوه‌، به‌ڵام من پێم وایه‌ وەکوو چۆن عه‌بادى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى به‌ڕووى هاووڵاتییانى هه‌رێم داخستووه‌، باشتر وایه‌ كورد فڕۆكه‌خانه‌كانى به‌ ڕووى به‌غدا دابخات، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هاتوچۆیه‌ى نێوان به‌غدا و هه‌رێم نه‌مێنێت، بێ گومان چاره‌سه‌ره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ نابێت عه‌بادى هه‌رچى بڵێت ئێمه‌ قبوڵى بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كان هه‌روا بمێننه‌وه‌ و چاره‌سه‌رێكى گونجاویان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌، باشتره‌ ده‌وڵه‌تى كوردى ڕابگه‌یه‌نین، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تى كوردى ڕابگه‌یه‌نین به‌غدا له‌وه‌ خراپترمان پێ ناكات، چونكه‌ هیچ شتێك نه‌ماوه‌ كه‌ ئێستا پێمانى نه‌كه‌ن.



حه‌یده‌ر عه‌بادى، دژایه‌تییه‌كانى خۆی بۆ سه‌ر هاووڵاتییانى هه‌رێم چڕ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ست ناكه‌ى نوورى مالیكى له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى باشتره‌؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی كورد وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین بۆچى پێشتر پشتیوانییان له‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌رى ده‌كرد، دواتر مالیكییان هێنا و له‌دواییدا دژی مالیكى وه‌ستانه‌وه‌ و پشتگیرییان له‌ عه‌بادى ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ من له‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كاندا ئاماژه‌م به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ نوورى مالیكی باشتره‌ له‌ عه‌بادى! به‌ڵام ئه‌وه‌ى كرا به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌گه‌ر كوردێك له‌ شوێنه‌كه‌ى دابنرێت ڕه‌نگه‌ وەکوو ئه‌و بیر بكاته‌وه‌، به‌غدا هه‌ده‌فێكى هه‌یه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ عه‌ره‌به‌‌، بۆیه‌ تۆ ناتوانی بڵێیت كێ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌بێت یان كێ سه‌رۆك وه‌زیران نابێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ كارى كورد نییه‌، دواجار هه‌ر حزبێك كه‌ ده‌رچێت، ئه‌و حزبه‌ خۆى سه‌رۆك وه‌زیران داده‌نێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ به‌رنامه‌ى خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ڕێك بخه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستوور و قانووندا له‌گه‌ڵیان ڕێك بكه‌وین، هه‌رچه‌نده‌ قانوونه‌كه‌ى یه‌ك قانوونه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌بابەت بۆ نه‌هێنێت، یان نه‌تكوژێت، به‌ڵام له‌دواییدا بودجه‌كه‌ت ده‌بڕێ و به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ ده‌تكوژێت، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى بۆ ده‌ستووره‌كه‌ بدۆزینه‌وه‌، ئێمه‌ به‌هۆى ده‌ستووره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك شتمان داوه‌ به‌ ده‌ستى عێراقه‌وه‌، به‌ڵام هه‌مووى به‌سه‌ر كوردا تێپه‌ڕیوه‌، به‌تایبه‌تى فڕۆكه‌خانه‌كانمان ڕاده‌ستى به‌غدا كردووه‌ و پاره‌ى ئاو و كاره‌بامان به‌پێى ئه‌و ده‌ستووره‌ى عێراق ڕاده‌ستى به‌غدا كردووه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و شتانه‌ به‌سه‌ر كورد تێپه‌ڕ نه‌بوایه‌، چونكه‌ چاره‌سه‌ره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ نابێت، كه‌ ئێمه‌ خۆمان ته‌سلیمى عێراق بكه‌ین، یان هه‌ندێك حزب مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداوه‌ بكەن.



عه‌بادى باجى هه‌ڵه‌كانى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان ده‌دات؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: ئێستا ئه‌مەریكا و به‌ریتانیا پشتگیرى له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى ده‌کەن، هه‌ر كه‌سێكیش دژایه‌تیى كورد بكات، شه‌قامى عه‌ره‌بى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ به‌و لایه‌نه‌ ده‌دات، به‌ڵام عه‌بادى كاراكاتەرێكه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو هێناویانه‌ و ده‌ڕوات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ ئه‌مەریكا و وڵاتانى ده‌رەوه‌ پشتگیرى له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى بكه‌ن، باوه‌ڕ ناكه‌م جارێكى دیكه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق! بۆیه‌ تاوەکووو هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق یه‌كلایى نه‌بێته‌وه‌، عه‌بادى هیچ شتێك بۆ كورد ناكات، هه‌روه‌ها كاتێك حه‌یده‌ر عه‌بادى، باسی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كات، ته‌نیا ده‌ستى ده‌ستى به‌ هاووڵاتییانى هه‌رێم ده‌كات، چونكه‌ هیچ مووچه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نانێرێت، به‌ڵام خه‌ڵكى كوردستان خه‌ڵكێكى خۆشباوه‌ڕه‌ و هه‌ندێك له‌ هاووڵاتییان و حزبه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ى دژایه‌تیى كورد ده‌كه‌ن، ڕه‌نگه‌ عه‌بادییان پێ باشتر بێت له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، هه‌روه‌ها ڕۆژى 16ى ئۆكتۆبه‌ر حكوومه‌تى عێراق كه‌ كه‌ركووكى داگیر كرد، بۆ ڕۆژى دواتر به‌ریتانیا گرێبه‌ستێكى نه‌وتى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدا واژۆ كرد، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌ریتانیا عێراقى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تاوەکوو نه‌چێته‌ كه‌ركووك یان نه‌وتى شاره‌كه‌ نه‌گرێت، هیچ گرێبه‌ستێكى له‌گه‌ڵدا واژۆ ناكات، به‌ڵام ئه‌مەریكا و به‌ریتانیا یه‌كه‌مین وڵات بوون كه‌ رۆڵى خراپیان بینیوه‌ له‌سه‌ر پرسی كورد، كاتێكیش ئه‌و دوو وڵاته‌ پشتگیرییان له‌ گه‌لى كورد كردووه‌، به‌هۆى نه‌به‌ردییه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ بووه‌ و به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ هه‌ندێك چه‌كیان ڕه‌وانه‌ى عێراق كردووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق چه‌كه‌ باشه‌كانى بۆ خۆى هه‌ڵده‌گرت و چه‌كه‌ خراپه‌كانیشى بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌نارد، به‌ڵام دواى ئه‌و وڵاتانه‌ پرسی ڕیفراندۆمیان ورووژاند گوایه‌ له‌ كوردستان ڕیفراندۆم كراوه‌، به‌ڵام خۆ له‌ عه‌فرین ڕیفراندۆم نه‌كراوه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ عه‌فرین ڕووی داوه‌ هاوشێوه‌ى كه‌ركووك وابووه‌، ئێستا ئه‌مەریكا ده‌ڵێت، له‌سه‌ر عه‌فرین قسه‌ ناكه‌م. له‌و لاشه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت، چاودێریى بارودۆخى كه‌ركووك و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌م، له‌كاتێكدا چاودێرى هیچ سوودێكى نییه‌، چونكه‌ ڕۆژانه‌ خه‌ڵكى ده‌كوژرێ، ماڵى خه‌ڵك ده‌ته‌قێندرێته‌وه‌، به‌ڵام كورد هه‌میشه‌ خۆشباوه‌ڕ بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا شتێكى فه‌رمییان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ به‌ بۆچوونى من مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ عه‌بادییه‌وه‌ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مەریكا چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ده‌كات، عه‌بادى جارێكى دیكه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌مەریكا له‌وه‌دا كارێكى باش ناكات.



حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌وڵه‌كانى چڕتر كردووه‌ته‌وه‌ تا كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، ئایا حزبه‌كانى دیكه‌ هه‌وڵى دۆزینەوەی چاره‌سه‌رێكى گونجاویان بۆ كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و بەغدا داوە؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: هه‌موو حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌کەكانى كوردستان، حكوومه‌تی شكستخواردوو بوونه‌ و تا ئێستا ئێمه‌ كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانمان چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌مان حكوومه‌تێكى باش بوایه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ ساڵى 2003 ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ تاوەکوو ساڵى 2013 كۆ بكرایه‌ته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكى دوورودرێژ ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانى دارایی نه‌بووینایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌زانراوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن سه‌رف بكرێت، هه‌روه‌ها كابینه‌ى كه‌ ناو نراوه‌ حكوومه‌تى بنكه‌فراوان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و حكوومه‌ته‌ هیچ فراوان نه‌بووه‌، چونكه‌ سه‌ره‌وه‌ى فراوان بووه‌ و بنه‌كه‌شى ته‌سك بووه‌، به‌ڵام ده‌بوایه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كاریان بۆ ئه‌وه‌ بكردایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ بچوایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تێكى نوێ دروست بكه‌ین، نه‌وەکوو ئه‌و پێنج حزبه‌ى كه‌ میلله‌تیان هێناوەتە سەر ساجى عه‌لى، دوو ساڵى حكوومه‌تى بنكه‌ فراوان بۆ خۆیان درێژ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ دوو مانگى ده‌مێنێت، بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌موویان به‌په‌له‌ له‌و حكوومه‌ته‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و دواتر ده‌ڵێن، له‌پێناو‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى هاتووینه‌ته‌ ده‌رەوه‌! نه‌خێر هیچ كات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى له‌ حكووومه‌ت نه‌هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، پێویسته‌ میلله‌ت ئه‌وه‌ى له‌بیر نه‌چێت، كه‌ ئه‌و حزبانه‌ هۆكارى ئه‌و ماڵوێرانى و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ بوون كه‌ ئێستاش هه‌رێمى كوردستان به‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا تێده‌په‌ڕێت، هه‌ر ڕۆژه‌ى به‌وه‌كاله‌ت ئیش بۆ به‌غدا و وڵاتانى دیكه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌تى هه‌رێم هیچ جورئه‌تێكى نییه‌، چونكه‌ له‌دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر كاتێك كه‌ ئه‌مەریكا و یوئێن و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن، ئێمه‌ پشتیوانیتان ده‌كه‌ین، به‌ڵام حكوومه‌ت هیچ جورئه‌تێكى نییه‌ بڕیار بدات، كاتێك وڵاتانى ده‌رەوه‌ پشتیوانیى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌كەن، یانى سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، بۆیه‌ باشتره‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى باش به‌كار بهێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا كورد زه‌لیل نه‌كات، كاتێكیش باسی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت، په‌رله‌مانتاره‌كانى كوردستان له‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ زۆرترین قسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان كێشه‌ى مووچه‌ و خانه‌نشینیى خۆیانە، بۆیه‌ هه‌موویان شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئیمتیازاته‌كانى خۆیان بپارێزن یان مووچه‌كه‌یان كه‌م نه‌كرێته‌وه‌ و دواتر خانه‌شین بكرێن، ئێستاش ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ پاره‌ و ئۆتۆمبێل و ئیمتیازات و خانوویان هه‌یه‌.



وا بڕیاره‌ چه‌ند مانگێكى دیكه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ بۆچوونى تۆ ئه‌مجاره‌ پێگه‌ى كورد له‌ عێراق چۆن ده‌بێت؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: پێگه‌ى كورد باش نییه‌، چونكه‌ له‌ 50%ى خاكى كوردستان به ‌ده‌ستى كورده‌وه‌ نییه‌، جاران ئه‌و ناوچانه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى لێ بوو، هه‌روه‌ها كورد پێگه‌یه‌كى به‌هێزى هه‌بووه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كورد ده‌یان كورسیى په‌رله‌مانى مسۆگه‌ر كردووه‌، ئێستاش پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ كه‌ركووك بایكۆتى هه‌ڵبژارده‌كانى كردووه‌، بێ گومان دوو كورسی كه‌م ده‌كات، بۆیه‌ كورد به‌و شپرزەییه‌ و به‌و جیا به‌جیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لیسته‌ به‌هێزانه‌ى عێراق لاواز ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد له‌ناو خۆیاندا یه‌كگرتوو بوونایه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقدا پێگه‌یه‌كى به‌هێزى ده‌بوو.



تێڕوانینى به‌ڕێزتان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر چییه‌؟ ئایا ئه‌و ڕووداوه‌ هه‌ڵه‌ى سیاسی بووه‌، یان خیانه‌تى نیشتمانى؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: ئه‌وانه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌وانه‌ى غه‌یرى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هه‌موویان له‌ناو حكوومه‌تدا پێكه‌وه‌ن، هه‌روه‌ها ڕۆژانه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌ و گفتوگۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌دواى ڕوودانه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رەوه‌ حكوومه‌تى عێراق، كورد به‌ هێزێكى شكاو و ڕاكردوو و برسی و په‌رت و بڵاو سه‌یر ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێت چاوێك به‌ مێژووى كوردا بخشێنینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئایا شتێكى له‌و شێوه‌یه‌ ڕووی داوه‌، ئه‌گه‌ر ڕووی داوه‌ مێژوونووسان ده‌توانن ناوێك بۆ ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام من نازانم ئایا ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ یان نا، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌شێكى یه‌كێتیی هۆكارى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بووه‌، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتى پێكه‌وه‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئێستاش زه‌وى به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانى خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن، ڕاسته‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ به‌ناوى شه‌هیدان دابه‌ش كراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌بوایه‌ زه‌وى به‌سه‌ر كه‌سوكارى شه‌هیداندا دابه‌ش نه‌ده‌كرا، بۆیه‌ شته‌كان ئه‌وه‌نده‌ بێسه‌روبه‌ریى پێوه‌ دیاره‌، كه‌سی وا هه‌یه‌ سه‌رۆكى لیستى حزبێكى كوردستانییه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر لیستێكى عه‌ره‌ب خۆى كاندید كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بێسه‌روبه‌رى ئه‌م وڵاته‌ نه‌بێت، بۆ له‌سه‌ر لیستێكى عه‌ره‌ب خۆى كاندید ده‌كات؟ ئێمه‌ شۆڕش و خه‌باتمان بۆ پاره‌ و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك هه‌موو ئه‌وانه‌ى بیر چووه‌ته‌وه‌ كه‌س باسی پرسه‌ نیشتمانییه‌كان و ئازادى ناكات، بۆیه‌ باشتر وایه‌ ئێمه‌ خۆمان ڕێك بخه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ نه‌هێڵین.



ئه‌گه‌ر شه‌وى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌كشایته‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووى سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى بوه‌ستایه‌ته‌وه‌، ئایا كه‌ركووك به‌و ئاسانییه‌ كۆنتڕۆڵ ده‌كرا؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: ڕووداوه‌كان له‌ 12ى مانگدا ده‌ستى پێكردبوو، به‌ڵام خه‌ڵكى وا ده‌زانێت، هه‌ر 17ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ ڕوویان داوه‌، به‌ڵام 16ى ئۆكتۆبه‌ر ته‌واوكه‌رى ڕووداوه‌كه‌ بووه‌ و ئه‌و شه‌وه‌ شارى كه‌ركووك و فڕۆكه‌خانه‌ سه‌ربازگه‌ى كه‌یوان ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌، چونكه‌ له‌ 12ى مانگه‌وه‌ ناوچه‌ى داقووق و تازه‌خورماتوو له‌گه‌ڵ سه‌ربازگه‌كان ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا، هه‌روه‌ها ماوەیەک پێش ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر سه‌ربازگه‌ى كه‌یوان چۆڵ كراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ته‌سلیمى سوپاى عێراق بكرێت.



به‌ڕێزتان وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، هیچ ڕێككه‌وتنێكى دیاریكراو بۆ كۆنتڕۆڵكردنى شارى كه‌ركووك كراوه‌؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: به‌ڵێ، پێشتر ڕێكکه‌وتن كراوه‌، خۆشم ده‌مزانى كه‌ چى ڕووی داوه‌، به‌ڵام ناوچه‌كان ته‌سلیم كرابوون، ئینجا كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دووكان كرا، ته‌نانه‌ت شه‌وى 16ى ئۆكتۆبه‌ر سه‌عات 11ى شه‌و ته‌لوه‌رد و مه‌لا عه‌بدوڵا و مه‌كته‌ب خالید هێزى لێ كشایه‌وه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ كۆنتڕۆڵ كران، بۆیه‌ سه‌عات 3ى بەرەبەیان ته‌قه‌ كراوه‌ یان چى كراوه‌ ئه‌وه‌یان شتێكى دیكه‌یه‌.


شه‌وى 16ى ئۆكتۆبه‌ر سوپاى عێراق و چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ناوچه‌كان چاوساغى كوردیان له‌گه‌ڵدا بووه‌؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: به‌ڵێ، چاوساغیان له‌گه‌ڵدا بووه‌ و خۆشم له‌ ناوچه‌كه‌دا بووم، هێزى پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى 10 مه‌تر نێوانیان هه‌بووه‌ و پێشمه‌رگه‌ خۆی حازر كردبوو كه‌ بكشێته‌وه‌.



بۆچى ئه‌و شه‌وه‌ى كه‌ركووك گیرا هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رگریى نه‌كرد؟ ئایا سوپاى عێراق هێنده‌ به‌هێزه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌توانێت ڕووبه‌ڕووى بوه‌ستێته‌وه‌؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: هێزى پێشمه‌رگه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێست بوایه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌رگریى باشى ده‌كرد، ئه‌وكاته‌ش سوپاى عێراق ده‌شكا، خۆ ئه‌گه‌ر تاوەکوو چه‌ند ڕۆژێك به‌رگریمان بكردایه‌، سوپاى عێراق نه‌یده‌توانى بێته‌ ناو شارى كه‌ركووكه‌وه‌.



هه‌ڵه‌یه‌كى مێژوویى گه‌وره‌ نییه‌ كاتێك كه‌ركووك به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا بگیرێت؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌و كه‌سانه‌ى بكرێت، كه‌ خۆیان ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ و ئێستا لێى په‌شیمانن، پێشتر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌یانگوت، كه‌ركووك شامى شه‌ریفه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌، به‌ڵام ئێستا خۆیان ده‌ڵێن، كه‌ركووك هه‌ر ڕۆژه‌ى مردنێكه‌ بۆ ئێمه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكى كه‌ركووك و خورماتوو شایه‌نى ئه‌وه‌ نه‌بوون كه‌ ئه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، چونكه‌ خه‌ڵكێكى خۆڕاگر بوون، هه‌روه‌ها هه‌میشه‌ پشتیوانییان له‌ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ و كوردایه‌تى له‌ ناخیاندا چه‌سپى بوو.



16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌بێته‌ په‌ڵه‌یه‌كى ڕه‌ش؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: با مێژوو بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدات، من نازانم په‌ڵه‌كه‌ ڕه‌شه‌، سه‌وزه‌، زه‌رده‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یری مێژووى میلله‌تى كورد بكه‌ین، له‌ ساڵى 64وه‌ ئه‌مه‌ ئیشیه‌تى، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌و براده‌رانه‌ وایان بیر كردبێته‌وه‌ وه‌ك 31ى ئاب شتێك بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌زموونیان نه‌بوو، 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌كه‌ وه‌ك 31ى ئاب ده‌رنه‌چووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردووكى وەکوو یه‌ك وایه،‌ به‌ڵام له‌برى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراقى بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام حكوومه‌ت ئه‌وانى ده‌ركرد.



ئه‌گه‌ر پێشمەرگە هاوشێوه‌ى پردێ شه‌ڕى بكردایه‌، سوپاى عێراق ده‌یتوانى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كۆنتڕۆڵ بكات؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: شه‌ڕى پردێ و مه‌خموور و مه‌حمودیه‌ زۆر گرنگ بوون، چونكه‌ عێراق به‌و شه‌ڕانه‌ ڕاگیرا و حەشدی شەعبی و سوپاى عێراق شكستى هێنا، دواتر ئه‌مەریكا هاته‌ سه‌ر خه‌ت، به‌ڵام ئه‌مەریكا بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاته‌ سه‌رخه‌ت كه‌ كورد زه‌ره‌رى كردووه‌، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌ هاته‌ سه‌ر خه‌ت كه‌ عێراق شكستى هێناوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌ شه‌ڕ بكرایه‌، ڕه‌نگه‌ به‌ئاسانى كه‌ركووك نه‌گیرایه‌، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه‌ى پردێ شه‌ڕێكى خۆڕاگرى و قاره‌مانانه‌ و به‌رگریكردن له‌ خاك و نیشتمان بووه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ توانیى سوپاى عێراق ڕابگرێ و تێی بگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕ بكات، به‌و شێوه‌یه‌ سوپاى عێراق تێكده‌شكێنێت.



ئه‌و شه‌وه‌ى هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌ركووك ده‌گوترێت، محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، ئاماده‌ نه‌بووه‌ هێزه‌كه‌ی بكشێنێته‌وه‌، ئه‌و شه‌وه‌ گرنتگرین شت كه‌ ڕوویداوه‌ و خه‌ڵكى نه‌یزانیوه‌ چییه‌؟
محه‌مه‌دى حاجى محمود: هێزه‌كه‌ى ئێمه‌ دواى هه‌موو هێزه‌كانى دیكه‌ و خه‌ڵكى شاره‌كه‌ كشایه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ زانیمان سه‌عات 11ى شه‌و ناوچه‌كان ڕاده‌ستى سوپاى عێراق كراوه‌، ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكى ئه‌وه‌ نه‌زانێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و شه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكى سه‌ربازیى كرد، پێم گوتن دێم بۆ لاتان گوتیان مه‌یه‌ شوێنه‌كه‌ خراپه‌، به‌ڵام من زانیم هیچ كه‌سێك له‌وێ نییه‌ و كه‌ركووك گیراوه‌.



گه‌شبینى به‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووك بكشێته‌وه‌ و جارێكى دیكه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ و پارێزگارى كه‌ركووك بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌؟
محه‌مه‌دى حادى مه‌حمود: ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ ڕێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووك ناكشێته‌وه‌.



ئایا ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە، ئەمە هەر رووی ئەدا؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆمیش نه‌كرایه‌ سوپاى عێراق په‌لامارى كه‌رکووكى ده‌دا، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌و كاته‌ په‌لاماردانه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى دیكه‌ دوا بخرایه‌.



ده‌گوترێ ئه‌و لایه‌نه‌ى كه‌ هاوكاریى سوپاى عێراقى كردووه‌ بۆ گرتنى شارى كه‌ركووك بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بڵێن به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌وه‌ بووه‌، تۆ چى ده‌ڵێیت؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: كێشه‌كانى پارتى و یه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ قووڵن، ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیان ده‌وڵه‌تى كوردى دروست بكات، ئه‌وى دیكه‌ دژى ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كۆنه‌وه‌ بوونى هه‌یه،‌ لایه‌نى وا هه‌یه‌ ئێرانى هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانیه‌تىی پارتى و یه‌كێتیی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، بۆیه‌ ململانێكان ئه‌وه‌نده‌ قووڵن، هیچ سنوورێكى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان نه‌ماوه‌.



ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ى كه‌ ئه‌نجام درا تا چه‌ند ڕیفراندۆمێكى چاره‌نووسسازه‌، به‌ بۆچوونى ئێوە بۆ ئاینده‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى ڕیفراندۆم ده‌چنینه‌وه‌؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: به‌درێژایی مێژوو ئه‌وه‌ى كورد كردبێتى ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ بووه‌ و بۆ گه‌لى كورد ماوه‌ته‌وه‌، هیچ شتێكى دیكه‌ى نه‌كردووه‌، ته‌نیا ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌بێت كه‌ بۆ ڕیفراندۆم كردوویه‌تى، بۆیه‌ ڕیفراندۆم نه‌ پێشتر كراوه‌ و نه‌ بۆ داهاتووش ده‌كرێت، چونكه‌ جارێكى دیكه‌ ناتوانین له‌ كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ى دیكه‌ ڕیفراندۆم بكه‌ین، بۆیه‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ فرسه‌تێك بوو ده‌ستى كورد كه‌وتووه‌، دواجار ڕیفراندۆم شتێكى گه‌وره‌یه‌ و جارێكى دیكه‌ كورد پێویستى به‌ ڕیفراندۆم نییه،‌ چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ ئه‌نجامه‌كانى ڕیفراندۆم بڵاو كرایەوە و له‌ 93%ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌نگیان به‌ (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دا، ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌ ئه‌رشیفى ئه‌مەریكا و به‌ریتانیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووەوكان و هه‌موو وڵاتانى دنیادا هه‌یه‌، كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ (25/9/2017) كورد بڕیارى خۆی داوه‌ و عێراقى ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌ و داواى جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌كات، بێ گومان ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ كورد به‌ جورئه‌ته‌وه‌ داواى مافێكى ڕه‌واى خۆى بكات و هه‌موو جیهان پێى بزانێت، بۆیه‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ تاپۆیه‌كى ڕه‌شه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ لاى كورد ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕیفراندۆم بۆ كه‌سایه‌تیى مه‌سعود بارزانى و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى بەدشارییان لە سەرکەوتنیدا كردووه‌، بۆ مێژوو ده‌مێنێته‌وه‌، بێ گومان كورد هه‌ر ده‌بێت بگات به‌ ده‌وڵه‌تى خۆى، چونكه‌ له‌ قورئاندا نه‌هاتووه‌ كورد ده‌بێت بۆ هه‌میشه‌ ژێرده‌سته‌ بێت.



بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى، ڕه‌خنه‌ى توند ئاڕاسته‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌وانیش بەشێکی ئەو گەندەڵییانەیان بەرناکەوێت؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: جاران هه‌ر یه‌كێتی و پارتى له‌ناو حكوومه‌تدا بوون، ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌ بارودۆخه‌كه‌ باشتر بووبێت، پێشتر گوتوومه‌ كه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ خه‌ریكه‌ تێر ده‌خۆن، به‌ڵام سێ حزبى برسی بڕۆنه‌ ناو حكوومه‌ته‌وه‌ هه‌موومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ساجى عه‌لى، هه‌رواش ده‌رچوو، چونكه‌ سێ حزبه‌ برسییه‌كه‌ ده‌یانویست له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا وەکوو پارتى و یه‌كێتییان لێ بێت، ئه‌ویش له‌سه‌ر قووتى میللە‌ت ده‌كرێت، هه‌روه‌ش كراوه‌، چونكه‌ میللەته‌كه‌یان خستووه‌ته‌ سه‌ر ساجى عه‌لى! له‌ ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵەدا ئه‌و حزبانه‌ تاوەکوو حكوومه‌ت ته‌ڕایى تیابوو لێیان دۆشى و بردییان، ئێستاش كه‌ دوو مانگى ماوه‌ هه‌موویان هاتوونه‌ته‌ ده‌رەوه‌! به‌ڵام خه‌ڵكى هۆشیاره‌ و هه‌روا به‌ئاسانى ئه‌وانه‌یان بیر ناچێته‌وه‌، یان هه‌ندێك حزب هه‌یه‌ لە هه‌مان به‌رپرسه‌كانى كوردستانه‌، به‌ڵام ناوى خۆى گۆڕیه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێ كڵاو بخه‌نه‌ سه‌رى خه‌ڵك، به‌ڵام خه‌ڵكى هۆشیاره‌ و ئه‌مجاره‌ ده‌زانێت چۆن ده‌نگ به‌ لیسته‌كان ده‌دات.