مەسروور بارزانی: ئەگەر خیانەت نەبوایە حکومەتی عێراق جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، 16ی ئۆکتۆبەر بە گەورەترین خیانەتی مێژووی کوردایەتی ناودەبات بەهۆکاری ئەوەی "خاکی کوردستانیان فرۆشت، کەرکووکیان رادەستکرد، پەلکێشی هێزەکانی عێراقیان کرد و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بەرگرییان دەکرد و یەکێتیش بوون ئەوانیشیان کردە قوربانی".

مەسروور بارزانی ، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستە سەر رووداوەکانی کوردستان و رایگەیاند: "ئەگەر حکومەتی عێراق ئەم رێککەوتنەی نەکردبا لەگەڵ ئەمانە، جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو، بیستوومانەتەوە، لە دۆستەکانیشمان بیستووەتەوە، دەشمانزانی حکومەت نەیدەتوانی، پێشمەرگە ئەوەندە ناوێکی بەرزی هەیە کە حکومەتی عێراق نەیدەویست و جورئەتی ئەوەشی نەدەکرد بێ پەلاماری پێشمەرگە بدا".

لەبارەی گشتپرسی کوردستان و بەدیلەکەی ئەمریکا پێش گشتپرسی مەسروور بارزانی رایگەیاند ، ئەلتەرناتیڤەکەی ئەمریکا بۆ گشتپرسی بە هیچ شێوەیەک هیچ گەرەنتییەکی تێدا نەبوو ، هیچ ئیلزامێکی تێدانەبوو، کە نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە ئەمریکا، نە ئەورووپا نە هیچ وڵاتێک بتوانێ ئەمە فەرزبکات بەسەر حکومەتی عێراقدا، یان لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەرێم و عێراق بەرگری لێبکا،

راوێژکاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێیوایە ، قەیرانی سیاسی و قەیرانی ئابووری هەمووی بەیەکەوە بەستراونەتەوە و، دەڵێت: "ئەگەر ئیدارەدانێکی باشی سیاسیی هەبێ، لەوانەیە وەزعی ئابووریش بگەشێتەوە".

دەقی هەڤپەیڤینەکە

مەسروور بارزانی: گشتپرسی مافێکی سرووشتی و یاسایی هەموو نەتەوەیەکە، لە چارتەری یوئێنیشدا هاتووە، کە هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەمە وەکو ماف، وەکو مافی نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتی لە سەدەی رابردوو تاکو ئێستاش، ناحەقی بەرامبەر بە نەتەوەی ئێمە کراوە، کەواتە ئەمە مافێکی ئێمەیە، بەڵام کەی مومارەسەی ئەو مافە بکەین؟ با زۆر نەچینە رابردوو، بەڵام ئەگەر لەدوای 2003ەوە دەستپێبکەین، دوای ئەوەی کە دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق دانرا، هەموو چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کە ئەم دەستوورە ببێتە بنەمایەک بۆ پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکان لە عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵدا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم پێشبینییانە و ئەوەی ئێمە هەوڵمان بۆ دەدا، وردە وردە بینیمان کە هەم دەستوور پێشێلکرا، هەم مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی ئێمە لە کوردستان جێبەجێ نەکران و ئەو مافە بە خەڵکی ئێمە نەدرا، بەشێوەیەکی سیستماتیکی هەوڵی ئەوە درا، کە دەوری کورد وەکو شەریکێکی راستەقینە لە دەسەڵاتی عێراقدا کەمبکرێتەوە و لە پێگەی دەسەڵات دووربخرێتەوە، دوای ئەوە گەیشتە ئەوەی کە بودجەش لە کوردستان وردە وردە کەمبووەوە، تاوەکو گەیشتە ئەوەی بەتەواوی بڕا، بەهیچ شێوەیەک هەوڵی ئەوە نەدرا کە پێشمەرگە وەکو بەشێکی کاریگەر لە مەنزوومەی بەرگری لە حکومەتی عێراق پێناسە بکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، لە شەڕی داعشیشدا بینیمان کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە کرا و رێگری لە گەیشتنی چەک بە پێشمەرگە کرا. جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 و پێشێلکردنی 55 ماددەی دەستووری، ئەمانە هەمووی وایانکرد کە ئێمە بیر لەوە بکەینەوە چۆن بتوانین لە داهاتوویەکدا بژین بێ ئەوەی پەنا بۆ شەڕ ببەین، یان جارێکی دیکە خەڵکی ئێمە و نەتەوەی ئێمە دوچاری ئەو نەهامەتی و کێشانەی کە پێشتر بەسەریاندا هاتووە دووبارە ببنەوە، بۆ ئەوەی رێگەیەک بدۆزینەوە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، بۆیە پێمان وابوو، کە ئێمە بچین لە خەڵکی خۆمان بپرسین، ئەمەش بیرۆکەی گشتپرسی دروستکرد، ئەمە ئێستاش نییە، کە لە ساڵی 2014ەوە جەنابی سەرۆک داوای لە پەرلەمان کرد لیژنەیەکی باڵا بۆ گشتپرسی و هەڵبژاردن دروستبکرێ، لەو سەردەمە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر دا، دوای ئەوە لایەنەکانی دیکە هەموویان بەیەکەوە قسەیان لەسەر کرد، گەیشتە ئەوەی ئێمە پێمان وابوو مادام نەگەینە هیچ رێککەوتنێک و حکومەتی عێراق ئامادە نەبێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئەو مافە دەستوورییانەی کە مافی خەڵکی ئێمەن جێبەجێ بکات، دەبێ ئێمەش بیر لەوە بکەینەوە. دوو رێگەمان هەبوو، یان ئەوەتا خوانەخواستە پەنا بۆ شەڕ ببەین، کە ئێمە ئەوەمان رەفزدەکرد، یانیش ئەوەتا بەشێوەیەکی ئاشتییانە رێگەیەکی دیکە بدۆزینەوە، کە پێمان وابوو گشتپرسی دیموکراتیترین و شارستانیترین رێگەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئارەزووی خەڵکی خۆمان بە عێراق و دونیا بگەیێنین. هەموو بیرۆکەی پشت گشتپرسی ئەوەبوو کە خەڵکی ئێمە چی دەوێ، چۆن دەیەوێ بژی لە داهاتوودا لەگەڵ ئەم حکومەتەی کە تاوەکو ئێستا پێشێلی مافەکانی کردووە.

رووداو: هەندێ کەس و لایەن دەڵێن، کاتی گشتپرسی گونجاو نەبوو، ئێوە لە دەرەوە لە کەمپەینی گشتپرسی قسەتان کرد، لە ناوەوەش یەکێک بوون لەوانەی کۆششێکی زۆرتان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد، پێتوایە کاتەکەی گونجاو نەبوو؟ ئایا لەداهاتوودا گشتپرسی بکرایە کاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جۆرێکی دیکە دەبوو؟

مەسروور بارزانی: من پێم وایە ئەمە تەنیا بیانووە مەسەلەی کات، چونکە زۆریشی بەسەردا تێپەڕی، ئەم هەموو ساڵە کە مافی خەڵکی ئێمە پێشێلکراوە کەس هات بڵێ کاتی ئەوە نییە مافەکانی ئێوە پێشێلبکرێ؟ کەس باسی کاتی نەدەکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە زۆر هەوڵماندا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ دەرەوە، لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ ئەوروپا، لەگەڵ خودی بەغدا چەندینجار گفتوگۆ کراوە، شاندی فەرمی هەرێم چووە لەگەڵ ئەم لایەنانە قسەیانکردووە، خۆم یەکێک لەوانە بووم کە لە دەرەوەش ئەم قسانەمان دەکرد، بەتایبەتی ئەمریکا سێ شتی دەگوت: قەت نەیاندەگوت ئێمە دژی مافی چارەنووسین، یان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین، تەنیا دەیانگوت ئێمە هەندێ نیگەرانین لەسەر مەسەلەی کاتەکە، ئەویش لەبەر سێ هۆ، یەکێکیان دەیانگوت مەسەلەی شەڕی داعشە، کە ئەگەر بێتو ئێوە ریفراندۆم بکەن، لەوانەیە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی هەبێ لەسەر شەڕی داعش. دوو، لەوانەیە کاریگەری لەسەر بەڕێز عەبادی وەکو سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەبێت و دەرنەچێتەوە. سێ، ئەو ناوچانەی کە دابرێنراون لە هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانە دیسان کێشەیەکی زیاتر لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم دروستبکات. لەبەر ئەو هۆکارانە، بەڵام کە ئەم شتانەیان بۆ باسدەکردین ئێمە پێمان وابوو کە ئەم دەلیلانە رازیکەر نین، چونکە ئەمانە نابن بە هۆکار بۆ ئەوەی تۆ نەتوانی ریفراندۆم بکەی، ریفراندۆم چییە؟ گشتپرسییەکە پرس بە خەڵکی خۆت دەکەی بۆ ئەوەی رای خۆی دەربڕێ، بەڵام لەو وەختەش ئێمە نەمانگوت دەچین رۆژی دواتر لەگەڵ ئەنجامەکان مامەڵەیەکی وا دەکەین و بڕیار لەسەر ئەنجامەکەی دەدەین لە رۆژی دواتردا. دەرفەتی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەمێنێتەوە، بەڵام هیچ نەبێ وەکو بڕیاری نەتەوەیی و نیشتمانی بەدەست سەرکردایەتی کوردەوە بێ تاوەکو بە تەنیا بەناوی حیزبێکەوە، بەناوی لایەنێکەوە، یان بەناوی کەسێک گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی نەتەوەیەک نەکەن، بەڵکو رای میلـلەتەکەیان پێبێ. ئینجا لەسەر ئەو سێ خاڵانەی باسیان دەکرد، یەک: مەسەلەی شەڕی داعش، ئێمە پێمانوایە ئەمە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە مەسەلەی ریفراندۆمەوە نییە، چونکە کاتی خۆی کە داعش پەلاماری کوردستانی دا بڕیاری خەڵکی کوردستانبوو کە بەرگری بکات، هیممەت و بوێری پێشمەرگەبوو، کە رێگەی لە داعش گرت و بوو بە قارەمانی تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش، ئەمە بڕیاری خۆمانبووە نەک بڕیاری بەغدا، چونکە لە ئەساسدا ئەگەر سەیری بکەی، داعش لە کاتێک و لە شوێنێک دروستبوو کە بۆشایی ئەمنی و ئابووری و سیاسی تێدابوو، هۆکاری شکستی سیستمی سیاسی لە عێراق حکومەتی عێراق بووە، دوای هەرەسی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو، کە ئەم هەموو چەکەی دایە دەست داعش، ئەمانە داعشیان بەهێزکرد، وایکرد داعش پەلاماری کوردستان بدا، ئینجا پێشمەرگە بەرگریکرد و پێشمەرگە داعشی تێکشکاند، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە سەیری ئەو خاڵە بکەین، حکومەتی عێراق هۆکاری ئەوە نەبوو ئێمە شەڕی داعش بکەین، ئێمە بڕیاری خۆمان بوو، کەواتە بڕیاری ریفراندۆم هیچ کاریگەری لەسەر هەڵوێستی ئێمە نابێت، کە رووبەڕووی داعش لە ئێستا، یان تیرۆریزم لە داهاتووش ببینەوە، بۆیە پێمانوابوو کە ئەم نیگەرانییە بە هیچ شێوەیەک لەجێی خۆی نییە.

رووداو: ئەی بۆچی نەتانتوانی قەناعەت بە ئەمریکا بکەن؟

مەسروور بارزانی: ئەگەر ئیجازە بدەی با باسی دوو خاڵەکەی دیکەیش بکەم.

دوو: ئەوەی دیکەیش لەسەر هەڵبژاردنی بەڕێز سەرۆکوەزیران، پێمانوابوو ئێمە کاریگەرییەکی ئەوتۆمان نییە لەسەر کاندیدکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، چونکە پێشتر دەبێ کوتلەی براوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوان سەرۆکوەزیران هەڵبژێرن، بە سیستمی هەڵبژاردنی ئێستای عێراق، حکومەتی عێراق سیستمێکی وایداناوە "لەگەڵ رێزم بۆیان" شیعە زۆرینەیە، کەواتە ئێمەی کورد و سوننە بەیەکەوەش وەکو کەمینەیەک ناتوانین ببین بە ئەو دەسەڵاتە کە سەرۆکوەزیران کاندید بکەین، کەواتە دیسان هەر شیعەکان دەبێت سەرۆکوەزیران کاندید بکەن و ئەوان هەڵیبژێرن، ئەمە یەکێکە لە فاکتەرەکان، یەکێک ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکان کێ دەنگی زۆرینەی هێنا، ئەو سەرۆکوەزیران کاندید دەکات، بۆ ئەوەی دواتر هەڵببژێردرێت بۆ سەرۆکوەزیران. بەڵام دوو فاکتەری دیکەیش هەیە، یەکێکیان مەسەلەی مەرجەعییەتی دینییە لە نەجەف، کە دەبێت بڕیاری لەسەر بدات و رەزامەندبێت، ئەویدیکەیش شاراوەنییە، بە حەقیقەت کاریگەری ئێران لەسەر بڕیاری سیاسی لە عێراق زۆر دیارە، یەعنی ئەو فاکتەرانە هەموویان دەبێ کۆکبن، هاوسەنگبن، هاودەنگبن بۆ ئەوەی بتوانن سەرۆکوەزیرانێک هەڵبژێرن، کەواتە دیسانیش ریفراندۆمی ئێمە هیچ کاریگەری نەدەبوو لەسەر ئەوەی کە کێ دەبێتە کاندیدی داهاتووی حکومەتی عێراق، لەبەرئەوە پێمانبوابوو کە ئەمەش تەنیا وەکو خاڵێکی لاواز دێتە بەرچاو، کە ناتوانێ رێگری بکات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.

سێیەم: مەسەلەی ناوچە دابڕێندراوەکان، ئێمە دەمانگوت ئەگەر مەسەلە ئەوەیە کە وجودی پێشمەرگە لەو شوێنانە کێشەیە، خۆ هێشتا ریفراندۆممان نەکردووە و پێشمەرگە لەوێن، بەڵام هۆکاری چوونی پێشمەرگە بۆ ئەم شوێنانە چییە؟ هەرەسی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بووە، هاتنی داعش بووە، پێشمەرگە چووە رێگری بکات لە فراوانکردنی دەسەڵاتی داعش لەم شوێنانە، لە هەندێ شوێنیش داعشی تێکشکاندووە و شوێنەکانی رزگارکردووە، کەواتە پێشمەرگە چووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو شوێنانە بکات، لە خەڵکەکەی بکات و لە خاکەکەشی بکات، قەت نەمانگوتووە وجودی پێشمەرگە لەم ناوچانە دەبێت بە ئەمری واقع و فەرزی دەکەین بەسەر سیستمی داهاتووی عێراقدا، لەمەشدا گوتمان ئێمە کە ریفراندۆم دەکەین نەمانگوتووە کە ئەم ریفراندۆمە سنووری جوگرافی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دەستنیشاندەکات، ئەم ریفراندۆمە بۆ ئەوەیە وەکو رەغبەتی نەتەوەیی ئێمەی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی کە دەیانەوێ لە داهاتوودا بە چ شێوەیەک لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بژین، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ئەم شوێنە ناکۆکی لەسەرانە ئێمە دیسان دەچینەوە بۆ دەستوور، بەپێی ماددەی 140 ، ئێمە ئامادەین چارەسەری گونجاو بۆ ئەم شوێنانە بدۆزینەوە. ئەمەش وەڵامی ئێمە بووە بۆ خاڵی سێیەم، کە ئەوان وەکو نیگەرانی لە مەسەلەی کاتی ریفراندۆمدا باسیان دەکرد، پێمانبوابوو ئەمەش لەجێی خۆی نەبوو، چونکە ئێمە نەماندەگوت ئەمری واقع فەرزدەکەین، سنوور دەستنیشاندەکەین، یان چارەنووسی ئەم شوێنانە بە ریفراندۆم یەکلایی دەبێتەوە، وامان نەدەگوت، دەمانگوت ئەمە رەغبەتێکی نەتەوەییە بۆ ئەوەی شێوازی حکومڕانی لە داهاتوو دەستنیشانبکرێ، پێمانوابوو بە حەقیقەت مەسەلەی ئەوەی ریفراندۆم نەکرێت و کاتەکەی گونجاو نییە، بەهیچ شێوەیەک ئەمە لە بیانوو زیاتر هیچی دی نییە.

رووداو: ئەم پاساوانە ئێستا بۆ بینەری ئەم هەڤپەیڤینە لۆژیکی و عەقڵانین، بۆچی ئەمریکییەکان قەناعەتیان پێ نەهات؟

مەسروور بارزانی: من ناتوانم لەجیاتی ئەوان بیربکەمەوە، بەڵام بێگومان ئەوان بەرژەوەندی خۆیان هەیە، لەوانەیە بەرژەوەندی ئەوان تەنیا لە روانگەی بۆچوونی هەرێمی کوردستانەوە سەیر نەکرێ، ئەوان شتی دیکەیشیان لەبەرچاوە، ئەوان بەشێوەیەکی گشتی سەیری هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا دەکەن، لەوانەیە بەرنامەیەکی دیکەیان بەدەستەوەبووبێ، یانیش لە هەندێ خاڵ کە نەیانویستووە لەگەڵ ئێمە باسی بکەن، پێیانوابووبێ کە مەسەلەی ریفراندۆم کاریگەری لەسەر بەرنامەی داهاتووی ئەوان دەبێ، لەوانەیە هەندێک هۆکار هەبووبن کە ئەوانە نەیانویستووە بێنە پێش، یانیش سیاسەتی خودی بەغدا، قەناعەتێکی وای بە ئەمریکا کردووە کە مەسەلەی ریفراندۆم لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیری ناوچەکەیە، کە بەهیچ شێوەیەک ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە، دەشیبینین، چونکە بە قسە ناکرێ، ئەنجامی کارەکان ئەو شتانە دەردەخات.

رووداو: ئایا کۆدەنگی لەسەر بڕیاری گشتپرسی لەنێوان سەرکردایەتی سیاسی هەبوو، بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی؟

مەسروور بارزانی: بێگومان.

رووداو: چۆن؟

مەسروور بارزانی: نەک تەنیا پارتی و یەکێتی، ئەم بابەتە پێشتر لە نیوان جەنابی سەرۆک لەگەڵ هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان باسکراوە، هەڵبەت جگە لەوەی تا رادەیەک گۆڕان و کۆمەڵ خۆیان دوورخستەوە، بەڵام هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە کۆبوونەوەکانی کە لەسەر ئەم بابەتە دەکرا بەشداربوون، تێیدا خۆیان بڕیاریان دا، هەتا لە حەوتی مانگی شەش کە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی سیاسی لە خزمەت جەنابی سەرۆک ئەنجامدرا، تا ئەو کاتەش کەس نەیدەزانی کە 25ی مانگی 9 بە رۆژی ریفراندۆم دەستنیشاندەکرێ، لەو کۆبوونەوە بە هەموو لایەکەوە بڕیاریان لەسەر دا، هەمووش پەرۆشبوون کە بەشێکبن لەم سەروەرییە، کە پێموایە بە حەقیقەتیش مەسەلە سەروەرییە بۆ مەسەلەی قەزیەی نەتەوەیی ئێمە، هەموو دەیانویست بەشێکبن لە پشت ئەم ریفراندۆمە، دواتر ئەنجامەکانی چۆن بوو، خەڵک چ هەڵوێستێکی وەرگرت ئەمە شتێکی دیکەبوو، بەڵام لە سەرەتاوە، من بە دڵنیاییەوە پێت دەڵێم، هەموو هاودەنگبوون، هەموو بەیەکەوە بوون، کۆدەنگییەکی ئێجگار دیار و ئاشکراش هەبوو لەسەر ئەم بابەتە.

رووداو: بۆچی هەندێکجار لە گوتاریاندا جۆرێک لە تەرەدود هەبوو؟

مەسروور بارزانی: پێشتر یان دواتر؟

رووداو: دواتر، بەرەبەری نزیکبوونەوەی گشتپرسی.

مەسروور بارزانی: ئەزانی چۆنە؟ ئەمە لەسەر جۆری کەسایەتی دەمێنێتەوە، هەندێک کەس هەیە بڕوای بە شتێکە، لە سەرەتاوە لەگەڵییەتی، تەحەمولی هەموو ئەنجامەکانیشی دەکات. هەندێکیشی هەیە خۆی تۆزێ پەراوێز دەخا، چاوەڕێی فرسەتە، ئەگەر سەرکەوت لەسەر حسابی زەحمەتی خەڵکی دیکە خۆی دەکا بە خاوەنی دەستکەوتەکە، ئەگەر خوانەخواستە تێکشکا، دەڵێ وەڵڵا من حەقم نییە و خۆی بەلاوە دەنێ، هەندێکش هەبووە هەر بە راشکاوی خۆی دژ وەستاوە، ئەمە لەسەر کەسایەتی ئەو جۆرە ئینسانانە دەوەستێتەوە.

رووداو: زۆر باسی ئەلتەرناتیڤێک دەکرێ لەلایەن چەند وڵاتێکەوە خرابێتە بەردەست سەرکردایەتی کورد، وەک جێگرەوە بۆ گشتپرسی، وەک ئەوەی باسدەکرێ دەستکەوتێکبووە و لەدەست دراوە، ئایا ئەم ئەلتەرناتیڤە بەشی ئەوەندەی هەبوو جێگرەوەی گشتپرسی بێ؟ بەغدا پشتگیری دەکرد و لەگەڵ دەبوو؟

مەسروور بارزانی: ئەم قسەیە زۆر کراوە، بەڵام ئەوەی کە حەقیقەتە بۆ ئەوەی بینەران بزانن و تۆزێک لە وردەکارییەکانی ئەم بابەتە تێبگەن، ئەمە لە سەرەتاوە وەکو رەشنووسێک، باڵیۆزی ئەمریکی لەگەڵ بەڕێز برێت مەکگۆرک و ئەمانە لەسەر خەت بوون لەگەڵ برادەران، بۆ ئەوەی کە رەشنووسێک ئامادە بکەن وەکو ئەڵتەرناتیڤ پێشکەشی بکەن، ئەم ئەڵتەرناتیڤە ئاڵوگۆڕی پێکرا و شتی تێدا گۆڕدرا، تاوەکو لە دوایین جار، دوو سێ رۆژ پێش ریفراندۆم، رەشنووسێکیان هێنا نەک نامە، ئەمە واقیعە، گوتیان ئەم رەشنووسە بۆ ئەوەیە وەکو ئەلتەرناتیڤ سەیربکرێ، بەڵام کە سەیری دەکەی ئەم ئەلتەرناتیڤە بە هیچ شێوەیەک هیچ گەرەنتییەکی تێدا نییە، هیچ ئیلزامێکی تێدانییە، کە نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە ئەمریکا، نە ئەورووپا نە هیچ وڵاتێک بتوانێ ئەمە فەرزبکات بەسەر حکومەتی عێراقدا، یان لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەرێم و عێراق یان بەرگری لێبکا، ئەمە خاڵێک.

دوو: چەندین جار پێشتر گفتوگۆ کراوە، بەڵێندراوە، نامە نووسراوە و بە هەرێمی کوردستان دراوە لەلایەن خودی ئەمریکا و ئەوروپاشەوە، دواتر ستافەکە بەشێوەیەکی گشتی گۆڕاوە، هەموو ئەو بەڵێنانەش هیچی نە جێبەجێکران و نە کەسیش خۆی لێکرد بە خاوەن و نە کەسیش باجەکەی دا جگە لە خۆمان. ئەمجارەش ئەم رەشنووسە کە هات، باسی چی دەکات؟ دەڵێ: ئێوە بۆ ماوەی ساڵێک ریفراندۆم دوابخەن، دوای ئەوە "ئەمەش دەکرێ درێژ بکرێتەوە" دەبێ ئێوە داخیلی گفتوگۆبن، لە چوارچێوەی عێراقدا لەگەڵ حکومەتی بەڕێز عەبادی، ئەگەر لەسەر نییەتی پاك حکومەتی عێراق نەهاتە پێشەوە، ئێمە ئەو کاتە تەنیا وەکو پێناسەکردن لەو مافە تێدەگەین، کە ئێوە مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمتان هەبێ، ناڵێ ئیعتیراف بە دەستکەوتەکان دەکەم، یان هەتا کە دەگوترێ رێز لە دەستکەوتەکان دەگرم، ئەسڵەن باسی دەستکەوتی ریفراندۆم ناکا، دەڵێ ئێوە لەوانەیە دوای ئەوە، مافی ئەوەتان هەبێ ریفراندۆم بکەن، هەڵبەت ریفراندۆم مافێکی سرووشتییە، ئەمە لە چارتەری یوئێن لە بەشی یەکەم تێیدایە و مافی هەموو نەتەوەیەکە، واتە پێویست ناکا کەس بە ئێمە بڵێ ئێمە مافی ریفراندۆممان هەیە یان نا. باسی هیچ ئیلزامێک ناکا، دەڵێ ئەگەر حکومەتی عێراق بە نییەتێکی پاك نەهاتە پێشەوە، ئەوکاتە ئێمە دەڵێین ئێوە مافی ئەوەتان هەیە دوای ساڵێکی دیکە ریفراندۆم بکەن، یان ئەگەر درێژەی کێشا، ئینجا لە چوارچێوەی فیدراڵیدا دەبێ، کۆنفدراڵیدا دەبێ، یان سەربەخۆیی دەبێ و هەرچۆنێک بێ، لەوێدا هیچ ئیلزامێک نییە، ئینجا ئەوەی لێرە گرنگە باسی بکەین کە دەڵێ لەسەر نییەتی پاکی حکومەتی عێراق، ئێوە دەبێ گفتوگۆ بکەن لەچوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو. ئەمە ریفراندۆم نەکرا و گفتوگۆکان کران، دوای ماوەیەکی دیکە بەڕێز عەبادی خۆی هەڵبژاردنی هەیە، واتە حکومەتی عێراق ئەگەر بکرێ دوای چەند مانگێکی دیکە هەڵبژاردنی هەیە، دەرچوو یان دەرنەچوو، ئەگەر دەرنەچوو، ئەم ئیلتیزامە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانێک کراوە کە دەرنەچووە "ئیلتیزامیش نییە، ئیتیفاقێکی جێنتڵ مان-ییە کە لەگەڵی کراوە" کەواتە کورد دیسان مافێکی لەدەستچوو، هیچ کەسێکیش نییە وەکو بەدیل بێ ئیعتیراف بە شتێکی دیکە بکات، چونکە مولزەم نییە. لە روویەکی دیکەەوە، داماننا دەرچوو بوو بە سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە. دەهاتەوە دەیگوت: من وەکو سەرۆکوەزیران هەموو ئیشێک دەکەم بۆ ئەوەی بەندەکانی ئەم ئیتیفاقە جێبەجێ بکەم، بەڵام لە دەسەڵاتی مندا نییە وەکو سەرۆکوەزیران، چونکە ئێوە باسی گۆڕینی سنوور دەکەن و باسی سیستمی حکومڕانی لە عێراق دەکەن و باسی سەربەخۆیی یان سیستمی کۆنفیدراڵی دەکەن، هەرچییەک بێ، ئەمە لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا نییە، ئەم مەوزوعە دەبێ بچێتەوە پەرلەمان، دەبێ پەرلەمان بڕیاربدا، ئەگەر پەرلەمان رازی بوو باشە، ئەگینا من نییەتی پاکی خۆمم نیشاندا، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشت، چونکە پەرلەمان رەزامەند نەبووە. هەمووشمان دەزانین لە پەرلەمان مەبدەئی شەراکەت وجودی نەماوە، بووە بە زۆرینە و کەمینە، ئێمە هەمیشە لە پەرلەمان وەکو کەمینەیەک سەیردەکرێین و بەهیچ شێوەیەک بڕیارەکان بە زۆرینە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نادرێ، کەواتە لەوێش لەوانەیە پەرلەمان تەئیدی نەکردبا، بەڕێز عەبادیش دەیگوت من نییەتی پاکی خۆمم نیشاندا، ئەمریکاش دەیگوت نییەتی پاکی نیشانداوە، بەڵام پەرلەمان رەزامەند نەبووە، ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراتییە و ئێمە ناتوانین زیاتر لەمە هیچتان بۆ بکەین. یان دەیانگوت دەبێ دەستوور هەموار بکرێ یان بگۆڕدرێ، لە دەستووریشدا ئەگەر سێ پارێزگا بتوانن ڤیتۆی هەر گۆڕانکارییەک لەسەر بەندە دەستوورییەکان بکەن، ئەوا دەستوور گۆرانکاری تێدا ناکرێ، هەمووشمان دەزانین چەندین پارێزگای عێراق هەیە دژی ئەوە دەوەستانەوە و ڤیتۆشیان دەکرد و دیسانیش بەڕێز سەرۆکوەزیران نیازپاکی خۆشی پیشاندابا، بەڵام نە لە پەرلەمان و نە لە گۆڕانکاری لە دەستووردا ئەم مافە بۆ کورد دەستەبەر نەدەبوو، کەواتە ئەمە ناکرێ وەکو ئەڵتەرناتیڤ سەیری بکەی، خەڵکێک ئەیەوێ ئەمە وەکو بیانوو بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئێستا مەوقیفی خۆیی پێ بەهێزبکات، یانیش هەموو شتەکان بکاتە خەتای ریفراندۆم کە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نییە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەمە نە مولزەم بووە، نە واژۆکراوبوو، نە نامەش بووە، رەشنووسێک بووە کە ئەم شتانەی تێدا باسکراوە، لەبەر ئەم هۆکارانەش لەو کاتەشدا داوامانکرد کە لەجیاتی ئەو شتانە کە نووسیوتانە تەنیا بڵێن ئێمە پشتیوانی لە ئەنجامی ریفراندۆم دەکەین، ئەگەر ساڵێک دوو ساڵ یان هەر ماوەیەکی دیکە بێت، ئامادەنەبوون ئەوە بکەن، کە یەکێک ئامادە نەبێت هیچ ئیلتیزامێکت نیشانبدا تەنیا بە نووسینی نامەیەک ناکرێ ئەمە بە ئەلتەرناتیڤ وەربگرین.

رووداو: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 رۆژ بەسەر گشتپرسیدا، ئەگەر لێت بپرسم کامیان بڕیاری دروستبوو، گشتپرسی یان کارکردن بەو نامەیە؟

مەسروور بارزانی: بێگومان ئەنجامدانی گشتپرسی، چونکە یەکەم شت ئێمە تاوانمان نەکردووە، میلـلەتی ئێمە رای خۆی دەربڕیوە، داوای کردووە کە من چیم دەوێ، بەڵام جێبەجێی نەکردووە، ئەگەر ئێستا کورد چووبا دژی هەموو بەرژەوەندی وڵاتان و دژی خودی عێراقیش بڕیاریدابا، کە من تاکلایەنانە بڕیاری سەربەخۆیی دەدەم و ئامادەنیم لەگەڵ هیچ لایەنێک گفتوگۆ بکەم لەسەر دەرەنجامەکانی، ئەو کاتە دەکرا گلەییەک لە کورد بکرێ، بەڵام خۆ هیچمان نەکردبوو، تەنیا دەنگمان دەربڕی، تەنیا ئەوەمان گوت کە ئێمە ئەو رەغبەتەمان هەیە، رەغبەتەکەشمان لەسەر بنەمای گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، کەواتە حکومەتی عێراق نەیویست ئەمە بکا، ئەگینا بە هیچ شێوەیەک من باوەڕناکەم بەدیل یان ئەلتەرناتیڤی باشتر لە ریفراندۆم هەبووبێ، نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا.

رووداو: دەمەوێ لەسەر کۆبوونەوەکەی دووکان لێت بپرسم، بەر لە 16ی ئۆکتۆبەر کۆبوونەوەیەک لە دووکان کرا، بە بایەخەوە لە میدیا بڵاوکرایەوە، دەمەوێ پێم بڵێی راستی وردەکاری گفتوگۆکان چی بوون، بۆچی دوای ئەوە ئەو دۆخەی کەرکووک روویدا؟

مەسروور بارزانی: دوای ریفراندۆم ئێمە رەغبەتی خۆمان پیشاندا و باسمانکرد، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش گوتمان: ئێمە دەمانەوێ ریفراندۆم بکەین، بۆ ئەوەی دوایی بچین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین، بەغدا لە ئەساسدا نەیدەویست گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمدا بکات، لە ئەساسدا نەیدەویست ئەمە بکات، ئەگینا خۆ ریفراندۆم چی بوو؟ کە من چوومە بەغدا لەگەڵ بەڕێز عەبادی قسەمکرد، لەسەر ئەو مەوزوعە گوتی باشە ئێوە بۆ گشتپرسییەک ناکەن نەک بەناوی ریفراندۆم، بەڵام گشتپرسییەک بکەن، کە هێزی یاسایی لە مەوزوعەکەدا نەبووبێ، من نەمدەزانی ئەوەندە دژن لەسەر ئەو مەوزوعە، بەڵام لە ئەساسدا دووسێ شت هەبوون، کە ئەمانە وایان پێشاندا لەگەڵ بابەتی ئەوە نەبوون کە ئێمە بەهیچ شێوەیەک بکەوینە ئەو گفتوگۆیانە، کە نەک تەنیا دەستکەوتەکانی خۆمان بپارێزین و بەرەو هەنگاوی پێشتریش بڕۆین، بەڵام ئەم دەستکەوتانەی ئێستاشیان قبوڵ نەبوو. من دێمە سەر ئەو خاڵانە، لە موسڵ، کە شەڕی موسڵ کرا، ئێمە زۆر هەوڵماندا رێککەوتنێک بکرێت لە نێوان ئێمە و حکومەتی عێراق و پێکهاتە ئەتنی و ئاینییەکانی سنووری پارێزگای موسڵ، بە چاودێری ئەمریکاش وەکو هێزی هاوپەیمانان، کە رێککەوتنی سیاسی لە پەنای بەرنامەی سەربازی بۆ ئەوەی چۆن چارەسەری کێشە و گرفتەکانی دوای تێکشکانی داعش بکرێ، هیچیان ئامادەنەبوون لەسەر ئەم خاڵە لەگەڵ ئێمە بێنە پێش و زۆر زۆر پێداگرییان دەکرد دەبێ عەمەلیاتی عەسکەری بکرێ، بەڵام کەسیان ئەوەندە پەرۆشی رێککەوتنی سیاسیی نەبوون، ئەمە خۆی وەکو ئاڵایەکی سووربوو هەڵگیرا لەسەر نییەتی حکومەتی عێراق بۆ داهاتووی ناوچەکە، ئەمە یەک. دوو، دواخستنی شەڕی حەویجە. لەدوای تکریت دەکرا شەڕی حەویجە زۆر سەرکەوتووانە ئەنجامبدرێ، بۆ دوایانخست؟ لەو کاتەش ئێمە نیگەرانی خۆمان بە هەموو دۆستەکانمان گەیاند، گوتمان مەترسی ئەوەمان هەیە شەڕی حەویجە بۆ دوا قۆناخ هەڵدەگیرێ، تاوەکو هەموو هێزە عەسکەرییەکانی عێراق، کە شوێنەکان ئازادکران و داعش تێکشکێندرا، بە بیانووی حەویجە بهێننە ئەو شوێنانە، چاویان لەسەر کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانە، کە واش دەرچوو. لە ئەساسدا ریفراندۆم ببووایە یان نەبووایە، عێراق نییەتی ئەوەی هەبوو ئەم واقعە لە کورد قبوڵنەکات، بەداخەوە ئێمە هەموو هەوڵێکماندا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە تەعبیر لە رای خۆمان بکەین، عێراق پەنای بردە بەر زۆر و چەک و هێزی عەسکەری، بۆ ئەوەی تەعبیر لە رای خۆی بکات و ئەو شوێنانە لە کورد وەربگرێتەوە.
ریفراندۆم پیلانەکەی وەدەرخست، لەوانەیە تۆزێ پەلەشی پێکردبێ بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق زووتر بجولێتەوە، لەسەر ئەم ئەساسە، کە مەسەلەی ریفراندۆم بوو، ئەمەیان کرد بە بیانوو، ئینجا هێزەکان بە بیانووی حەویجە لە هەموو سنوورەکە دابەشکرابوون، پێشتریش بەداخەوە هەندێک لایەنیش هەتا هێنانی حەشدی شەعبی بەبیانووی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیرکرابوون، ئەمە هەموویان وەکو قومبەلەی تەوقیت ئامادەبوون بۆ ئەوەی رۆژێک بە هەرێمی کوردستاندا بتەقنەوە، ئەم مەترسییە هەبوو، ئێمە هەموو هەوڵێکمان دەدا بۆ ئەوەی تووشی شەڕ نەبین، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە گفتوگۆ بکەین کە چۆن ئێمە نەهێڵین کار بگاتە شەڕی نێوان پێشمەرگە و حکومەتی عێراق، ئەوەبوو رۆژی 15ی ئۆکتۆبەر کۆبوونەوەیەک لە دووکان کرا لەنێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، لەوێ قسەکرا ، من ناوناهێنم، بەڵام هەندێک لەو برادەرانەی ئەوان (یەکێتی) باسی ئەوەیانکرد کە قسەیانکردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەمریکا و لەگەڵ بەریتانیا کە شوێنێک دروستبکرێ وەکو لیژنەیەکی تەنسیق، ئەوەی کە لە هەولێر هەیە لە شوێنەکانی دیکەیش هەیە، لە نێوان هاپەیمانان و حکومەتی عێراقی و هێزەکانی کوردی لە مەعەسکەر کەی وەن، ئەگەر لەسەر ئەوە رێککەوتن بکەین، ئینجا لیوای پاسەوانی کۆماری کە پێشتر لیواکانی سەر بە مام جەلال بوون لە بەغدا، ئەوانەش بهێننەوە بۆ هەندێک شوێن لە کەرکووک، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوە نەکرا کە کەرکووک بەشێوەیەکی سەربازی رادەستی حکومەتی عێراقی بکرێت، هەتا لەسەر ئەو بابەتە، ئێمە کە قسەمان دەکرد پێمانگوتن: باشە ئێوە ئیتیفاقتان کردووە یانیش ئەمە پێشنیارە؟ گوتیان: نەخێر ئەمە پێشنیارە. تەبعەن کاک فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراقیش لەوێ ئامادەبوو، برادەرانی دیکەیش، کاک بافڵ و ئەوانیش، هەرچەندە هیچ سیفەتێکی قیادی حیزبەکەی پێنەبوو بەڵام ئەو چووە لەگەڵ ئەو لایەنانانە قسەیکردووە لەگەڵ هەندێ خزم و کەسی دیکەی خۆی. ئینجا ئەو شتانە کە ئەنجامدران، ئێمە ئەو کاتە رامان وابوو کە کەرکووک موڵکی لایەنێک بەتەنیا نییە، نە موڵکی یەکێتییە، نە موڵکی پارتییە، نە موڵکی هیچ حیزبێکی سیاسییە بەتەنیا، دەبێ هەموو بەیەکەوە بڕیاری لەسەر بدەین، پێشنیاری ئەوەمانکرد با لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش قسەبکەین، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە پێنج خاڵ لە راگەیاندنەکان بڵاوکرانەوە، کە ئەمە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بوو لە کۆبوونەوەی 15ی ئۆکتۆبەر، کەچی ئەو شەوە، ئەو برادەرانە چوونەوە لە رەشاد و دووزخورماتوو و ئەو ناوچانە، لەگەڵ مەجموعەیەک سەرکردایەتی حەشدی شەعبی و لەگەڵ حکومەتی عێراق و چەند بەرپرسی ئێرانیش لەوێ کۆبوونەوەیان کرد و بەرنامەی پێشتریان هەبووە، کە چۆن کەرکووک رادەستی ئەم هێزانە بکەن، کە بەرەو کەرکووک دەهاتن، بەداخەوە ئەمە پێش هەموو شتێک ئەو برادەرانەی دیکەی یەکێتی پێشمەرگەکانیان لە خەتی پێشەوە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان "ئەو پێشمەرگانەی مەیلی پارتییان هەبووبێ " ئەوانە سەنگەرەکانیان کە گرتبوو، بەداخەوە..بەداخەوە.. لەناکاو بەرنامەیەکی وایان دانا پشتیان لێ بڕینەوە، حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبییان داخیلی کەرکووک کرد، ئەمە بە حەقیقەت ئینسان ناتوانێ چاوپۆشی لێبکا، گەورەترین خیانەتی سەردەم لە مێژووی کوردایەتیدا کە کرابێ، ئەم خیانەتەبوو کە بەمشێوەیە خاکی کوردستانیان فرۆشت، کە کەرکووکیان رادەستکرد، پەلکێشی هێزەکانی عێراقیان کرد بۆ ئەوەی لە پشتەوە پێش هەموو هێزێک ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بەرگرییان دەکرد و یەکێتیش بوون ئەوانیشیان کردە قوربانی، ئینجا ئەمە وایکرد، کە کاریگەری لەسەر هەموو جەبهەکە بکات، وردەوردە ئەو پێشمەرگانەی کە بە ئەمر هەندێکیان پاشەکشەیان پێکرا، وایان لێکرد خەتی جەبهە وەکو خۆی نەمێنێ، هەر سەنگەرێک کاریگەری لەسەر سەنگەرەکەی دیکە کرد و ئیتر بەداخەوە پێشمەرگە کەوتە دۆخێکی وەها نالەبار، کە نەیتوانی وەکو پێویست بەرگری لە هێرشی حکومەتی عێراق بکات. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بە حەقیقەت، لەوانەیە حسابی زۆر شتمان کردبێ، بەڵام..

رووداو: چۆن درکتان بەو جموجۆڵە لابەلایە نەکرد؟

مەسروور بارزانی: وەڵا درکی پێکرابوو، دەشمانزانی گفتوگۆ هەیە، گفتوگۆ هەبوو لە نێوان ئەم چەند کەسەی لەناو یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەڵام بڕوامان نەدەکرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی ئەو هێزانەی سەر بە یەکێتی بوون، بە قسەی ئەوانە بکەن، پێمانوابوو ئەمانە خۆڕاگردەبن و شەڕدەکەن و رێگریش دەکەن لە هەر هێرشێک، چەندین سەرکردەی قارەمانی یەکێتیش لە سەنگەری بەرگری مانەوە شەڕیشیانکرد و شەهیدیشیان دا، من باسی ئەوە ناکەم، هەندێک جار بەداخەوە بەشێوەیەک شت لێکدەدەنەوە، کە باسی یەکێتی دەکرێ، باسی یەکێتی ناکەین. باسی ئەو یەکێتییە شۆڕشگێڕانە ناکەین کە بەرگرییان کرد و هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی لەناویاندا زاڵبوو، نەچوونە پەنای ئەم خیانەتە گەورەی کە چەند کەسێک لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی شەخسی خۆیاندا کردیان، بۆ حیزبەکەشیان نەکرد، بۆ خودی خۆیان کرد، بۆ دەستکەوتی ماددی، بۆ فرۆشتن و دزینی نەوتی کەرکووک، ئیتر بە ئەملا و ئەولا بیبەن، بە حەقیقەتیش هەر ئەوان وایانکرد کە ئەم بابەتە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر هەموو دۆخی هەرێم بکات. ئەگەر حکومەتی عێراق ئەم رێککەوتنەی نەکردبا لەگەڵ ئەمانە، جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو، بیستوومانەتەوە، لە دۆستەکانیشمان بیستووەتەوە، دەشمانزانی حکومەت نەیدەتوانی، پێشمەرگە ئەوەندە ناوێکی بەرزی هەیە کە حکومەتی عێراق نەیدەویست و جورئەتی ئەوەشی نەدەکرد بێ پەلاماری پێشمەرگە بدا، بەڵام کە زانی لەناو خودی کورددا کەسانێکی ئەوەندە ئاست نزم هەن بتوانن خیانەت لە هاوڕێی خۆیان بکەن، لە برای خۆیان بکەن، لە وڵاتی خۆیان بکەن، خاکی خۆیان بفرۆشن، لەوێدا کەلێنێک دروستبێ حکومەتی عێراق پێیدابێت و پشت لە هێزی پێشمەرگە بگرێ، ئەمە وایکرد حکومەتی عێراق هێز بجوولێنێت و جورئەتی ئەوە پەیدا بکات بێتە پێشەوە.

رووداو: هێرشی عێراق هات، لە پردێ، لە چیای قەرەچووخ، لە مەخموور، لە زوممار و تلسقۆف هێرشەکانی حەشد و سوپای عێراق تێکشکێندران، بۆچی لە کەرکووک ئەو شەڕە نەکرا؟

مەسروور بارزانی: هەروەکو باسمکرد لە کەرکووک ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە خەتی جەبهە دادەنرێ، بەتایبەتی ئەو هەڤاڵانەی کە شارەزانی بواری سەربازین، هەریەکێک ئیعتیماد لەسەر ئەوی دیکە دەکات، کە لەلایەک جەبهە سقوتیکرد یان تووشی شکستبوو بەتایبەتی کە خیانەتکرا، ئاخر خیانەت تەنیا شکست نییە، خیانەت ئەوەیە تۆ پشتی برای خۆت بەردەی، تۆ دوژمن لە پشتەوە بهێنیت و شوێنی لێبگری، کە ئەمە کرا ئیتر پێشمەرگە مەجبووربوو بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن خۆی کۆ بکاتەوە بەرگری لەوە بکات کە بتوانێ بەرگری لێبکا، پێشمەرگە هەستی بە پیلانەکە کرد لە خیلالی ئەوەی کە خیانەتە دەکرا، ئەگینا پێشتر کەس بڕوای بەوە نەبوو، من ئێستاش باوەڕناکەم، لەوکاتەش بڕوامان نەدەکرد لەناو کورددا خەڵکێکی ئەوەندە ئاست نزم هەبن بتوانن خیانەتێکی لەو چەشنە بکەن "ئەمە یەک" - "هی دووەم" ئەوەی پێشبینی نەدەکرا ئەوەبوو کە ئەو چەکانەی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا دابووی بە حکومەتی عێراق بکەوێتە دەست حەشدی شەعبی ئینجا ئەوان بێن جارێکی تر پەلاماری پێشمەرگە بدەن و هێرشی سەر پێشمەرگە بکەنەوە، ئەو پێشمەرگەیەی کە چەند رۆژ پێش ئەوە بە قارەمان و بە هاوپەیمان ناویان دەبردن ئێستا بە چەکی ئەمریکی و بە تانکی ئەبرامز شەهید بکرێن، پێشبینی ئەو شتانە نەدەکرا، کەس بڕوای بەوە نەبوو کە دونیا بێهەڵوێست بێ، ئەوەی چاوەڕوانیش نەدەکرا ئەوەبوو کە خەڵکی کوردستان بێدەنگ بێ بەرامبەر بەم خیانەتە گەورەیە، یەکێک خیانەتیکرد، کردی، ئەمە لە ئاست نزمی خۆیەتی..

رووداو: چاوەڕێی چیت لە خەڵک دەکرد؟

مەسروور بارزانی: خەڵک دەبێ وەکو دادگای نیشتمانی بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو کەسانە بدەن، کە خیانەت لە گەل و نیشتمانی خۆیان دەکەن.

رووداو: بابەتی سەرۆکایەتی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە وروژێنرا، دەمەوێ بزانم خوێندنەوەی ئێوە لەسەر ئەم پرسە چییە؟

مەسروور بارزانی: مەسەلەی سەرۆکایەتی، ئەمە تۆزێک خەلفییەی هەیە، ئەگەر بچینەوە بۆ دواوە لە ساڵی 2013 ئەو کاتە کە ماوەی سەرۆکایەتی بەرەو کۆتایی دەچوو، ئەو وەختە من لە خزمەتی جەنابی سەرۆک بووم لە پاریس بووین، ئەوکاتە بەڕێز عیماد ئەحمەد و کاک دکتۆر فوئاد-یشمان لەگەڵ بوون، ئەوکاتە مەوعیدی هەبوو لەگەڵ سەرۆککۆماری فەرەنسا، لەوێ لەسەر ئەم بابەتە بە تەلەفۆن قسەکرا، کە شتێکی وا هەیە کە وەفدی پارتی و یەکێتی تاوتوێی ئەم بابەتەیان دەکرد، حەقیقەتێک هەیە من حەزدەکەم لێرە بە راشکاوی باسی بکەم، ئەو کاتە سەردەمی ململانێیەکی تووندی نێوان یەکێتی و گۆڕان بوو لە سلێمانی، یەکێتی مەترسی ئەوەی هەبوو لە هەڵبژاردنەکان سەرنەکەوێ، هەموو هەوڵێکی ئەوەی دەدا کە هەڵبژاردنەکان دوابخرێن، بەڵام نەیدەویست خۆی بکات بە خاوەنی ئەم بیرۆکەیە " هەڵبژاردنەکان بە پێشنیازی یەکێتی دواخرا "، ویستیان ئیتیفاقێک لەگەڵ پارتی بکەن، کە هەڵبژاردنەکان دوابخرێن وە لە زمنی دواخستنی هەڵبژاردنەکان، مەسەلەی سەرۆکایەتیش بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژبکرێتەوە، ئێستاکە بەداخەوە کە دەڵێن ئەمە منەتێکە بەسەر پارتی یان بەسەر جەنابی سەرۆک کە دوو ساڵ ماوەیان بۆ درێژکردەوە، خوا ئەزانێ مەسەلە ئەوەبوو کە خۆیان دەیانویست هەڵبژاردنەکان دوابخەن، با بەهیچ منەتێک حساب نەکرێ، چونکە جەنابی سەرۆک ئەسڵەن لە ئەساسدا نەیدەویست ماوەی سەرۆکایەتی بۆ درێژبکرێتەوە، خۆشی لەو ماوەدا فەرمووی: من نامەوێ، نامەوێ نە ماوەم بۆ درێژبکرێ، نە تەعدیلی دەستووری هەڵبژاردنیش بکرێ، با هەڵبژاردن بکرێتەوە، خەڵک بێ ئەو کاتە کێ متمانەی خەڵکی بەدەستهێنا با لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دانیشێت، کە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیش کرا لەسەر ئەوەی کە ماوەی سەرۆکایەتی درێژبکرێتەوە و هەڵبژاردن دوابخرێ، بڕیارەکە کە لە پەرلەمانەوە بۆ جەنابی سەرۆک هات واژۆشی نەکرد و ناردییەوە بۆ پەرلەمان، ئینجا ئەوەبوو بە قانوون بە حوکمی ئەوەی ئەگەر بگەڕێتەوە پەرلەمان، پەرلەمان لە دژی نەوەستێتەوە ئەبێ بە یاسا، ئەمە وایکرد کە دوو ساڵی سەرۆکایەتی درێژبکرێتەوە لەو کاتە، جاری دووەم ئەوەبوو تووشی شەڕی داعش بووین، کە شەری داعش بوو، وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆک لە سەنگەرەکانی پێشەوەی جەبهە بوو، لە رێکخستنەوەی پێشمەرگەبوو، لە رووبەڕووبوونەوەی هێزی تیرۆریستی داعش بوو، سەرپەرشتی ئەو جەبهەیەی دەکرد، ئینجا مەجلیسی شوورا کە بڕیاری ئەوەیدا سەرۆکایەتی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو دەتوانێت بەردەوامبێت، کەسی تریش نەبوو، نە هەڵبژاردن دەکرا، نە کەسی تریش هەبوو پۆستی سەرۆکایەتی وەربگرێت، نەشدەکرا ئەم پۆستە بەجێبهێڵدرێ، تەحەددا بوو، تەحەددا لە مەسەلەی مانەوەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هێرشێکی دڕندانەی تیرۆریستان، جەنابی سەرۆک لەوکاتەدا وەکو پێشمەرگەیەک رەفتاری کردووە، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوە ئێمە چەندجار لە خزمەتیدا بووین لە هێڵی پێشەوەی پێشمەرگە بەرگری لە خاک و وڵاتەکەی کردووە، واجبی خۆی، وەزیفەی خۆی بەجێهێناوە، جەنابی سەرۆک پێویستی نە بەم پۆستە هەبووە، نە پێویستی بەم کورسییە هەبووە، بەڵام ئەو کەسانەی کە پەرۆشی کورسییەکە بوون دائیمەن ئەویان دەکرد بە بیانوو، چونکە خۆیان کورسییەکەیان مەتڵەب بوو، خۆیان دەیانویست بچنە سەر ئەو کورسییە بۆیە وایان دەکرد، ئەگینا مێژووی جەنابی سەرۆک و خەباتی جەنابی سەرۆک و رابردووی جەنابی سەرۆک و دەستکەوتەکانی جەنابی سەرۆک، سەرۆکیان کردووە بە رەمزی نەتەوەیی، نەک مەسەلە سەرۆکێکی موەزەفبێ چوارساڵ، هەشت ساڵ، دوازدە ساڵ لەسەر کورسییەک دانیشێت ئینجا کە پۆستەکەی تەواوبوو، دەوری ئەویش تەواوبێ، دەوری جەنابی سەرۆک نە بەوە تەواو دەبێت، نە بەوە دەستیپێکرد، سەرۆکێکە مێژوو دروستیکردووە، ئێمە پێویستیمان بەوە نەک ئەو پێویستی بە کورسییەکەی بێ، ئەمەش ئەمجارە کە بووە دووبارە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی، جەنابی سەرۆک فەرمووی بەهیچ شێوەیەک من ئامادەنیم ماوەی سەرۆکایەتی درێژبکرێتەوە یان تەعدیلی یاساکە بکرێ، بەڵام سوتفە وای لێهات ئەنجامدانی ریفراندۆم و کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی کەوتە یەک کات، بەڵام جەنابی سەرۆک ئەمەی قبوڵنەکرد چونکە بەڵێنێک بوو بە خۆی و بە خەڵکەکەشی دا، کە ئەو بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی دەبێت، ئامادەیە تاکو هەڵبژاردنی داهاتوو ئیتر سیستمی پەرلەمانی داهاتوو چ شێوازێکی حوکمڕانی دەستنیشاندەکات ئێمە هەموومان پەیڕەوی ئەو سیستمە دەکەین.

رووداو: گشتپرسی باشووری کوردستان هەستی نیشتمانپەروەری خەڵکی کوردستان و ئیرادەیانی گەیاندە لووتکە، خەڵکی کوردستان لە پرسێک کۆبوونەوە، کە بەرەو سەربەخۆیی بوو، ئێستا هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش وا دەخوازێت کە کورد یەکبن، چ پلانێک هەیە بۆ ئەوەی کورد بەردەوامبێت و پاشەکشە نەکات لەو مافە ستراتیژییەی کە خەباتێکی درێژی بۆ کردووە؟

مەسروور بارزانی: ئێمە هەموومان لەو بڕوایەداین کە یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی ئێمە، گەرەنتی سەرکەوتنی ئێمەیە، من زۆرجار پێشتریش گوتوومە: بۆ ئەوەی سەربەخۆبین ئەبێ سەر بە خۆمان بین، نەک سەر بە لایەنێکی دیکە، نەک بچین ملکەچی ئەملا و ئەولابین، یان بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆمان ئەم شارە بفرۆشین، ئەم وڵاتە بفرۆشین، ئەمە بکەین و ئەوە بکەین، ئەم شتانە وایکرد کە یەکڕیزی نەمێنی ئەگیان یەکڕیزی هەبوو، یەکڕیزی لە سیاسەتدا هەبوو، لە خەباتی پێشمەرگایەتی و چەکداری لە بەرگریکردنی وڵاتدا هەبوو، ئەم هەموو ساڵە شەڕی داعش کرا پێشمەرگە بەیەکەوە شەڕی داعشی کرد، بیروباوەڕی سیاسیی هەرچییەک بووبێ بەڵام لە سەنگەرێکدا بەیەکەوە شەهیدبوون، ئەم یەکڕیزییە هەبوو، ئەم یەکڕیزی و تەباییە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەناوچوو، بەڵام دیسانیش دەڵێم: ئەمە نابێ ببێ بە کۆسپ، نابێ ببێ بە رێگر، دەبێ خەڵکیکی وشیار، کە پێموایە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەم تێگەیشتن و ئاگادارییەیان هەیە کە بتوانن تەجاوزی ئەم مەرحەلەیە بکەن، دیسان داکۆکی لە مەسەلەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بکەن و هیوادارم سەرکردە سیاسییەکانیش بتوانن درک بەوە بکەن کە بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی دەتوانن زیاتر دەستکەوت بەدەستبهێنن، دەتوانن ئەو ئەزموونە و ئەو دەستکەوتەی کە تاوەکو ئێستاش هەیە بیپارێزن و ئومیدیشم وایە دەتوانین هەموو ئامانجەکانمان بهێنینە دی لە داهاتوودا.

رووداو: ئێستا دوای ئەوەی پرۆسەی بەعەرەبکردن بۆ قۆناخێکی خەتەرناک لە کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە دەرکەوت، نەبوونی هەڵوێستی هاوبەشی حیزبەکان لە باشووری کوردستان چ کاریگەرییەکی دەبێ لەسەر پرۆسەکە؟

مەسروور بارزانی: بەداخەوە ئێستا ئەو شوێنانە کە ناوچەی دابڕێندراو یان ناکۆکی لەسەر، پێموایە ئەم ناوچانە ناوچەی داگیرکراون ئێستا، چونکە نە حکومەتی عێراق ماددەی 140ی جێبەجێکرد، نە هێشتی ئێمە وەکو بەشێکی هاوبەش لە بەڕێوەبردنی ئەم شوێنانە تێیدابین، ئەوان بەشێوەیەکی سەربازی ویستیان بێن و ئەو شوێنانە هەمووی بگرن، شەڕ کرا، خەڵک کوژرا، ئەوان هاتن پەلاماری خەڵکەکەیاندا و تەعەدایانکرد، خانوویان سووتاند، میلـلەتێکیان دەربەدەر و ئاوارەکرد، تاوانی ئەمە لەسەر فەرمانڕەوایانی بە‌غدا و تاقمە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەرە، لەبەرئەوەی ئەمە کاریگەرییەکی ئێجگار نێگەتیڤ و خراپی هەیە لەسەر داهاتووی ئەو شوێنانە، ئەمە قبوڵناکرێ، ئێمە ئامادەین بەپێی دەستوور"هەروەک پێشتریش باسمانکردووە" ببێ بە بنەما بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەینی حکومەتی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناوچانەش، بەڵام ئێستاکە ئەو ناوچانە ناوچەی داگیرکراون و مەسەلەی پرۆسەی تەعریبیش تێیدا بەردەوامە.

رووداو: دانانی پارێزگاری تازەی کەرکووک بووەتە کێشە لەنێوان لایەنەکان، تەنانەت لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، چۆن ئەمە چارەسەر دەکەن؟

مەسروور بارزانی: ئێ کاکە! شارێک داگیرکرابێ، تۆ چۆن ئیستا ئیعتراف بە واقعێک بکەی کە خۆت تێیدا بوویتە قوربانی، کەرکووک بەلای ئێمەوە شارێکی داگیرکراوە، ئێمە ئیعتراف بەو واقیعە ناکەین کە عێراق دەیەوێ بیسەپێنێ، هەرچی کوردە ئاوارە و دەربەدەری کردووە، هەموو رۆژێک ماڵی کورد دەڕووخێنن، هەموو رۆژێک تەعەدا لە خەڵکی کورد دەکەن ئێستاکە بێن وا رەفتار بکەن کە هیچ نەبووە ئینجا بچن پارێزگارێک دابنێن، ئێمە ئیعتراف بە شتێک ناکەیەن کە فەرزکرابێ لە دژی خەڵکی خۆمان، پارێزگارێکی هەڵبژێدراو لە کەرکووک هەیە، بۆ ئەو ئیعتیباری نییە، کەسێکی تر کە هێنراوە بە زەربی چەک و تۆپ و دەبابە دانراوە، بۆ ئەو ئیعتبیاری هەبێ؟

رووداو: لەم ساڵەدا چەندین رووداو لەپێشن، دانوستاندن لەنێوا هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی کوردستان و هەڵبژاردنی عێراق، دیدگای ئێوە چییە بۆ ئایندەی کورد لە عێراق؟

مەسروور بارزانی: حکومەتی عێراق، ئەگەر سەیری بکەی لە ماوەی رابردوو، زۆر شارەزایانە قەیرانی دروستکردووە، ئینجا هاتووە ئەم قەیرانەی کردووە بە بیانوو بۆ ئەوەی دەستبخاتە کاروبارئی هەرێم، قەیرانی ئابووری، قەیرانی ئەمنی، هەموو ئەم کێشانەی کە دروستکران، دیسان دەڵێم، دوای پەلاماردانی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی ئەو ئاژاوەیە لەناو خودی هەرێمی کوردستان کە درێژەپێدەری هەمان بەرنامەبوو بۆ دروستکردنی ئاژاوە و قوڵترکردنی قەیرانەکانی کوردستان، ئەمە بەرنامەکانی حکومەتی عێراقە، بەڵام سەیرکە چیانکرد، هاتن ئیستیفادەیان لە چەند کاڵفامێکی سیاسیکرد لە هەرێمی کوردستان کە بێن جارێکی تر خۆیان حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان تاوانباربکەنەوە بەوەی کە بەرپرسن لەم قەیرانانە، کەچی هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە خودی حکومەتی بەغدا بووە، بەڵام ئیستیفادەیان لە چەند خەڵکێکی کاڵفامی ئێرە کردووە کە ئەوانیش بێن بە هەمان موسیقای ئەوان ئاواز بڵێنەوە، حکومەتی عێراق بەمشێوەیە ناتوانێ ئەمشتانە چارەسەربکات، خۆ رژێمەکانی پێشتریش بە پەلاماردان و بە لەناوبردن و تەهمیشکردن و بە ئیعتراف نەکردن بەمافەکان نەیتوانی ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و سەقامگیرانە بەڕێوەببات، ئیستا پێمانوایە ئەم هەڵبژاردنانەی داهاتوو، ئەگەر کورد هاوهەڵوێستبن "بەڵام هەموو لایەنەکان" بەیەکەوە هاوهەڵوێستبن، دەتوانن کاریگەرییەکی باشتریان هەبێ لەسەر کۆی ئاراس