عەلی حوسێن: ئێمە دەستەواژەی کەمینەکان بەکارناهێنین، بەڵکو دەڵێین پێکهاتە

2 Sep 2017

avatar
سەبارەت بە ریفراندۆم، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم چ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی یاخود نەرێنی لە هەرێم روودەدات ؟



ریفراندۆم هۆكارێكه‌ بۆ وەرگرتنی رای خەڵک بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. ئایا له‌ عێراقێك بمێنینه‌وه‌ كه‌ به‌درێژایی مێژوو چه‌وسێنراین، ئه‌نفالكراین، كیمیابارانكراین، دوای ساڵی ٢٠٠٣یش پاش ئه‌وه‌ی عێراقمان بیناكرده‌وه‌ و بووینه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی، كه‌چی نانبڕاو كراین و بودجه‌ی كوردستانیان بڕی و هاوكاری و پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان بێبه‌ش كردین و مادده‌ی ١٤٠یان جێبه‌جێنه‌كرد و چه‌ندین مادده‌ی ده‌ستوورییان پێشێلكرد. یان به‌هاوڵاتی ژماره‌ دوو بمێنینه‌وه‌ و نه‌مانكه‌ن به‌هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیاردان بۆ چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌.



بۆیه‌ ده‌رفه‌تێكمان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی را و بۆچوونی خه‌ڵك وه‌ربگرین و گه‌ل چ بڕیارێك بدات ئێمه‌ گوێڕایه‌لیان ده‌بین. دوای قۆناغی ریفراندۆمیش پێویستمان به‌كات ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له‌ به‌غدا جیاببینه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك پرسی یاسایی هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیش و دیاریكردنی سنوور و پابه‌ندی دارایی و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ و بۆ راییكردنیشی پێویستمان به‌كات ده‌بێت. دوای ریفراندۆمیش هەوڵدەدەین دەستوورێک بنوسین. لەو دەستوورە زامنی سەد لە سەدی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان وەکو وەسیقەیەک و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك دەیکەین بۆ ئەوەی لە نوسینەوەی رەشنووسی دەستوورەکەش پێکهاتەکان بۆخۆیان بەشداربن و هاوبه‌ش بن لە نوسینەوەکەیدا بۆ ئەوەی بتوانن ته‌واوی مافه‌كانیان لە ناو ئەو دەستوورەی کوردستان ببیننەوە.



سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، پێتانوایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆچوونیان بگۆڕێت ؟



بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری خەڵکی کوردستانە، بۆ حزبێکی سیاسی و کەسایەتییەکی سیاسی دیاریکراو نییە. ١٦ حزبی کوردستانی بەوانەی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان و پێکهاتەکان بڕیاریان لەسه‌رداوه. بزووتنەوەی گۆڕان یان کۆمەڵەی ئیسلامی ئەوانیش لەسەر ریفراندۆم لارییان نییە، رەنگە هەندێک تێبینییان هەبێت لەسەر کاتەکەی. هەندێک گرفتی سیاسی هەیە، ئەو گرفتە سیاسییانە دەکەنە وەرەقەیەک بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکەین. ئەویش وەفدێکی باڵای ئێمە سەردانی سلێمانی کرد لە نزیکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونه‌وه‌. کۆمەڵێک بابەت هەبوون کە پەیوەستبوون بە هەلومەرجی سیاسی بەتایبەتی مەسەلەی پەرلەمان، پێمانوایه‌ بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەیی خۆمان نیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی پەرلەمان كارا بکرێتەوە و دەستبەکاری خۆی بکات. کاراکردنەوەی پەرلەمان کە خواستی هەموو لایەکە، بۆیە ئێمە لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان بووین و دەستبەکاری خۆشی بکاتەوە. ئێمە کە هیچ مەرجمان نییە، پێشمان خۆش نییە خەڵکی دیکە بە مەرج بێنه‌ پێشه‌وه‌، چونکە بە مەرج کار پێکەوە ناکرێت بەراستی.



بزووتنەوەی گۆڕانیش لە کۆمەڵێک خاڵ تێگەیشتن، لێكگه‌یشتن هەبووە، ئێمە پاکێجەکی ٦ خاڵیمان پێشکەش بەوان کرد لە راگەیاندنەکان باسکرا. چاوەروانین ئەو پاکێجە له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ دیراسە بکەن، لەسەر ئەو پاکێجە قسە دەکەین، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشمان هەیە، بۆ نموونه‌، ئێمە بە شێوەیەک تەرح بکەین، ئەوان بە شێوەیەک تەرح دەکەن، بە دانیشتنەکان لەوانەیە بگەین بە ئه‌نجامێك. بەهەمان شێوە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیش دانیشتنمان دەبێت. بەرای ئیمە خیتابی کۆمەڵەی ئیسلامی و خیتابی گۆڕان، لە هەندێک شت رەنگە خاڵی هاوبەشیان هەبێت بەڵام لە هەندێک وێستگه‌ و لە هەندێک شوێن وەکو یەک نییە خیاتبیان جیایە، ئومێدەوارین بگەینە ئەنجامێکیش لەگەڵ ئەوان. ئێمە حەزدەکەین بۆ ریفراندۆم ئه‌م خیتابه‌ یه‌كگرتووه‌ به‌رجه‌سته‌ بكرێت، چونکە هی هەموو خەڵکی کوردستانە، مەسەلەیەکی نیشتمانییە یەکریزی دروستبکەین. بۆ كۆده‌نگی، نەک تاکە حزب بگره‌ ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ تاکە رێکخراوێکی بچووکی کۆمەڵگەی مەدەنیش گفتوگۆی لەگەڵ بکەین لەسەر ئەو بابەتە، ئومێدەوارین بگەینە ئەنجامەک، مەبەستەکەش هەر ئێمەنین بەلکو هەموو ئەو حزب و لایەنانەی کەبریاری ریفراندۆمیان داوە.



دوای دەربڕینی بۆچوونیان بۆ ریفراندۆم، پەیوەندی بەرەی تورکمانی عێراقی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە چ ئاستێکە و چ گۆڕانکارییەک هەیە ؟



بەرەی تورکمانی حزبێکی تورکمانی عێراقییە، وە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە و لە کوردستانیش ئەندامێکیان لە پەرلەمان هەیە، لە ئەنجوومەنی پارێزگا نوێنەریان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆمەلێک حزب و لایەن و پێکهاتەی دیكه‌ی تورکمانیش هەنە لە کوردستان، لە کەرکوک لە هەولێر لە شوێنەکانی دیكه‌ هەیە، ئەوانیش ٥ ئەندامی پەرلەمانە بەڵام ٤ ئەندامی پەرلەمان لە حزب و لایەنەکانی دیكه‌ی تورکمانن، به‌ره‌ی تورکمانیش ئەندامێکی پەرلەمانی هەیە، لە ناو ئەنجوومەنی پارێزگا جگە لە به‌ره‌، خەڵکی دیكه‌ی تورکمانی تێدا هەیە. بۆیە ئێمە رێز لە هەموو لایەنەکانی تورکمانی دەگرین، بەڵام ئێمە چۆن وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی یەکەمین لە کوردستان بەڵام ناڵێین ئێمە نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستانین، ئێمە و لایەنەکان پێکەوە نوێنەری خەڵکی کوردستانین، بەقەدەر پێگەی خۆمان نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکەین.



ئەوهاش بە دروستی نازانین لایەنێکی تورکمانی یان لایەنەکی کلدانی، ئاشووری، سریانی، ئەرمەن بڵێ من نوێنەری هەموو پێکهاتەکەی خۆمم، نوێنەری بەشێکە، ئەندامێکی پەرلەمانت هەیە بۆچوونی خۆت هەیە، ئەو بۆچوونانەی خۆت لەگەڵ بۆچوونەکانی ئێمە هاوبەش بێت یان هاوبەش نەبێت ئێمە رێزی دەگرین، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە حزب و لایەنە تورکمانییەکان، بەشی هەرە زۆری کە ئەوانەی لە ٥ ئەندام ٤ ئەندامی پەرلەمانی کوردستانن، ئەوانەی کە لە ئەنجوومەنی پارێزگانە، ئەوانەی لە حزبەکانن، لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی خاوەن پێگەنە، ئەمانە لە بڕیاری ریفراندۆم بەشداربوون، بەشداری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و لیژنەکانیشن و کاری خۆیان دەکەن، بەرەی تورکمانی حەقیقەت لە هەندێک وێستگه‌دا بۆچوونی ئیجابییان هەیە لێكگه‌یشتنی هاوبه‌شمان هەیە، لە هەندێک وێستگه‌ی دیكه‌شدا هەندێک بۆچوونیان رەنگە هاوشان نەبێت لەگەڵ بۆچوونی لایەنەکانی تری تورکمان یان لەگەڵ بۆچوونی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵام ئەوەش قابیلی گفتوگۆیە، چونکە نە ئەوان گفتوگۆ رەتدەکەنەوە نە ئێمەش گفتوگۆ رەتدەکەینەوە، ده‌كرێت لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت، تێگەیشتن دروستبکەین، متمانه‌یان بۆ دروستکەین بۆ ئەمەش ئامادەییمان تێدایە بۆ کوردستان، چونکە تورکمان و پێکهاتەکانیش وەکو کورد قوربانییان داوه‌ لە سایەی حوکمی بەعس، وە لەو دواییانەش تورکمانیش بە هەمان شێوە ئەوەی لە کەرکوک رووبەڕووی پێکهاتەکان بووەتەوە،



حكوومه‌تی ناوەدند ناحەقی بەرامبەرهەموو پێکهاتەکان دەکەن جا بە کورد و بە تورکمان و بە مەسیحیەکان، بە ئاشووری بە کلدان بە سریان بە ئەرمەن، بەرامبەر هەموویانە. لەبەر ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین زیاتر قەناعەت بەوانیش بکەین بۆ ئەوەی فەعلەن ئەوان، نەک هەر ئەوان هەموو حزب و لایەنە تورکمانیەکان چ دڵنیاكردنه‌وه‌ و گه‌ره‌نتییه‌كیان لە هەرێمی کوردستان پێویستە کوردستان ئامادەیی هەیە لەو بابەتە گفتوگۆ بکات و دلنیایی بداتە هەموو لایەک.



دەنگۆی ئەوە هەیە دەڵێن هەندێک لە پارتە تورکمانییەکان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوەدەبردرێن، ئەمەش لە رێگای دەنگدانی تایبەت دەکرێت لە کاتی هەڵبژاردنەکان، ئەمە تا چ رادەیەک راستە ؟



گومانی نییه‌ تورکمان لە هەولێر هەیە لە کەرکوکیش هەیە، من بە بیرم دێت لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ ئافرەتەکی تورکمان كه‌ په‌ككه‌وته‌ بوو له‌سه‌ر عارەبانە هێنابوویان بۆ ده‌نگدان، كاتێك پرسیاریان لێكرد دەنگ بە کێ دەدەیت؟ گوتی دەنگ بە کوڕی مەلا دەدەم مەبەست جەنابی سەرۆک بارزانی بوو وای دەگووت.بۆیە ئێمە هەست دەکەین تورکمانی نیشتمانپەروەرەکان لەگەڵ ئێمەیە، لەگەڵ یەکێتییە، لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی دیكه‌ و لەگەڵ حزبەکانی خۆشیانن واتە لەگەل کوردستانن، وە ئێمە حەزدەکەین حزبە سیاسیەکانی تورکمانە نوێنه‌رایه‌تی تورکمانەکانیش بکەنەوە، بڕوامان بەوەیە، بەڵام زۆر ئاساییە تورکمانێک پارتی بی زۆر ئاساییە ئاشوورییەک، کلدانییەک به‌هه‌مان شێوه‌ بێت. ئەسڵەن فەرەنسۆ هەریری ئاشووری بوو ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بوو، مێژووی ئیسلامیش له‌ ١٤٠٠ ساڵی رابردوو رەنگە والی لە وڵاتانی ئیسلامی نمونەیەک نەبێت وەکو کوردستان کەوا والی مەسیحی بێت زۆر خۆشەویستیش بوو، ئەو رووداوەی تیرۆرکردنی فرەنسۆ پرسه‌كه‌ی بوو بە فیستیڤاڵێک بۆ خەڵک. ئێمە رێز لە حزبە سیاسییە تورکمانەکان دەگرین، تەقدیریان دەکەین، بەڵام خەڵکەک لە کوردستان دەنگ بە لایەنەکی حزبەکان بدا جا ئەو خەڵکە رێكخراو بێت یان رێكخراو نه‌بێت و بێ جه‌ماوه‌ر بێت، ئێمە پێوەرمان دانەناوە بەو پێوەرە دەبێ خەڵک دەنگ بدا، پێوەرەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانن، هەر تێبینیەک هەبێت دەبێت بدرێتە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەپێی یاسا و رێنماییەکان مامەلەی لەگەل دەکات، رێگری بکات.



نەمانبیستووە هیچ تێبینییەکی نادروست هەبێت تاكو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رێگری کردبێت و له‌به‌رامبه‌ردا ئێمە پێی شه‌رمه‌زار ببین یان لایەنەکی تورکمانی پێ ئیحراج ببی. بەڵام بە دڵنیاییه‌وه‌ لێرە لەوێ خەڵکێک خۆشەویستە لە ناو خەڵک، په‌یوه‌ندییه‌كانی فراوانە، خەڵک دەنگی پێدەدا، مانای ئەوە نییە ئەوە سەر بە فلان لایەنە بە پێچه‌وانه‌وه‌ دەکرێت دۆستی لایەنەکە بێت. دۆستایەتی هەیە، هاوپەیمانێتی هەیە خاڵی هاوبەشی موشتەرەک هەیە لەنێوانیان، رەنگە ئێمە و حزبێکی تورکمان یان یەکێتی و حزبێکی تورکمان یان حزبی شوعی و حزبێکی دیكه‌ی تورکمان زۆر دۆستایەتییان هەبێت لە نێوان حزبێکی تورکمان لەگەڵ حزبێکی دیكه‌ی تورکمان زۆر ئاساییه‌، ئەمە شتێکی ئاساییە، لەوانەیە حزبێکی دیكه‌ی کوردی ئەوەندەی دۆستایەتی لەگەڵ حزبێکی تورکمان هەیە ئەوەندە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی نەبێت، ئەمە کۆمەڵەک هۆکار و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش وایکردووه‌ کە بەمشێوەیە بێت، ئەمە بە شتێکی ئاسایی دەزانین، له‌ راستیدا، ئێمە قەناعەتمان وایە ئەو مەسەلەیە بۆ پێویست ناکات قسەی ئەوەی لەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی بۆ خۆی ئەگەر یەک دەنگیش بهێنێت، پێکهاتەکان کورسی خۆیان کۆتایە مسۆگەرە، جا چ گرفت هەیە بۆ نموونه‌ تۆ زۆر دەنگ بهێنیت، یان کەم، بۆ ئێمە گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تورکمانێک بێت ئەو تورکمانە نیشتمانپەروەرە، هەر کێیەک بێت، بۆ ئێمە گرفت نییە. بۆیە تورکمانەکان پێویستیان بەو دەنگە زۆرەی نییە هەتا دەنگی زۆر بۆ ئه‌وه‌ی پارتی یان یەکێتی یان خەڵکێک بۆی پەیدا بکه‌ن، لەبەرئەوەی کۆتایە دەنگی کەم بێت زۆر بێت ئەو كورسییه‌ی خۆی هەر هەیە.



پارێزگاری کەرکوک نەجمەدین کەریم لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند کەوا سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق مەسعود بارزانی بەنیازە سەردانی کەرکوک بکات و سەبارەت بە ریفراندۆم لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە، به‌رنامه‌یه‌كی وا لە ئارادا هەیە ؟ ئەگەر هەیە بۆ گشت پارتەکانە یان چەند پارتێکی دیاریکراوە، چونکە لە کەرکوکیش چەند پارتێک لەگەڵ ئەوە نین کە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت ؟



جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەموو کوردستان بە ماڵ و شار بە خەڵکی خۆی دەزانێت، و هەموو کاتێش ئەو خواسته‌ی هەیە سەردانی هەموو شار و شارۆچکەکان ته‌نانه‌ت دێهاتەکانی کوردستانیش بکات لە نزیکەوەش خەڵکی ببینێت. هەفتەی رابردوو لە هەولێر لە هۆڵی مامۆستا سەعەد لەگەڵ کۆمەڵێک پێکهاتە و رەنگە تورکمانیشی تێدابی دانیشتبوو. جەنابی سەرۆک جیاوازی ناکات، ئەو سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەم لە نێوان پێکهاتەکان و هەم لە نێوان حزبە سیاسییەکانیش بۆ هەموو حزبە سیاسییەکان وەکو یەکە. ئەوەی ئامادەیی هەبێت جەنابی سەرۆک دەرگای کراوەیە هەم بۆ پێکهاتەکانی نەتەوە و ئاینی هەم بۆ حزبە سیاسییەکان. هەموو کاتێک جەنابی سەرۆک لە کەرکوک بێت، لە هەولێر بێت، لە سلێمانی بێت، لە دهۆک بێت یان لە بارەگای خۆی بێت، جەنابی سەرۆک ئامادەیە هەموو لایەنێک ببینێت، هیچ جیاكارییه‌كیشی نییە لە نێوان ئه‌م و ئه‌ودا، هیچ جیاوازییەکیش نییە هەموویان به‌یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كات، مەرجیش نییە بۆچوونی هەموویان وەکو یەک بێت، بەڵام ئەوەی کە بۆچوونیشی پێچەوانە بێت جەنابی سەرۆک دەرگای لە کەس داناخات و ئامادەیە بیانبینێت، بۆ هەرشوێنێکیش ئەگەرخەڵکەکە داوای بکات باوەرناکەم داخوازییەکانی خەڵکەکە رەت بکاتەوە.
راپۆت