كچە گۆرانیبێژێك لەسەر گۆرانییەكی "سێكسی" لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت

كلیپی گۆرانییەكی هاوبەشی میریام كلینك و جاد خەلیفە كە "ئاماژەی سێكسی و قۆستنەوەی جیهانی منداڵان" لە خۆدەگرێت، لەلایەن حكومەتی لوبنانەوە قەدەغە دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لەگەڵ كچە گۆرانیبێژەكەدا دەكرێت.
لەوبارەیەوە ئاژانسی نیشتمانیی بۆ راگەیاندن لە لوبنان هەواڵێكی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، كە نوسینگەی بنبڕكردنی تاوانی ئەلیكترۆنی، رۆژی دووشەممەی رابردوو میریام كلینك-ی بانگهێشتكردوە و لەسەر ڤیدیۆ كلیپی گۆرانی (فوت الغول) لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كردوە.
هەر لەسەر ئەو ڤیدیۆ كلیپە، سەلیم جریساتی وەزیری دادی لوبنان و دادوەرێكی دادگاش لە جەبەل لوبنان دوو بڕیاری جیاوازیان دەركردوە بۆ قەدەغەكردنی پەخشكردنی كلیپەكە.
ئەوەی جێی باسە لەو گۆرانییەدا، جگە لە ئاماژە سێكسی و بەكارهێنانی دەستەواژەی تایبەت بە تۆپی پێ، دەنگی رەئوف خلەیف بێژەری بەناوبانگی كەناڵی بی ئێن سپۆرت-یش پەخش دەكرێت، كە لە كاتی كۆمێنتاری بۆ یاری تۆپی پێ قسەی كردوە و لە گۆرانییەكەدا بەكارهێنراوە.