سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە

2020 Feb 18

avatar

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كاردینال پێترۆ پارۆلین سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە.


لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە بارەی رەوش و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان كرا.


سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قووڵكردنەوەی كولتووری یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەش كرد.


باسی لەوەش كرد، كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بووەتە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەورووبەر، لەنێویشیاندا كریستیانەكان، كە لە بەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆریستان، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاریی ژیارییان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەر كراوە.


سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، ئاماژەی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كرد، كە بە فراوانی كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و گەشەپێدان بە سێكتەرە جیاوازەكان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات.


سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو.


سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان رۆڵی گەلی كوردستانیشی لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاند و سڵاو و رێزی تایبەتیشی بۆ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو.


هەروەها ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشییپێكردنی هەمووان، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینییەوە، پەیڕەوەی دەكات و نموونەیەكی جوانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی پیشان دەدات.

راپۆت