تورکیا و خەلیفە حەفتەر هەڕەشەی تووند لە یەکدی دەکەن

30 Jun 2019

avatar



تورکیا و هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لە لیبیا هەڕەشەی تووند لە یەکدی دەکەن. ئەنقەرە داوای ئازادکردنی شەش هاووڵاتی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئازادنەکرێن، هێزەکانی حەفتەر دەکەنە ئامانج.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە شەڕ و پێکدادان لەنێوان "سوپای نیشتمانیی لیبیا" بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر و هێزەکانی سەر بە حکومەتی دانپێداندراوی ئەو وڵاتە بەردەوامە.

سوپاکەی خەلیفە حەفتەر ژمارەیەک لایەنی دەرەکی بە پشتیوانیکردن لە حکومەتە دانپێدانراوەکەی سەڕاج تۆمەتباردەکات لەنێویاندا تورکیا. حەفتەر هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەرژوەندییەکانی ئەنقەرەش، وەک کەشتی و فڕۆکە و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، لە لیبیا دەکات. 

ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا (سەر بە خەلیفە حەفتەر) دەڵێت "هێرشەکەی ئەمڕۆ بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی ئەنجامدرا، فڕۆکەکەش لە بنکەی معێتیگەوە فڕی، بەڵام سوپاس بۆ خودا هێزەکانتان بە قارەمانییەتی و ئەزموونی زۆرەوە توانیان بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە و پێشڕەوی لەسەر حیسابی میلیشیا تیرۆریستییەکان بکەن".

تورکیا نایشارێتەوە پشتیوانی لە حکومەتی دانپێدانراو و یەکپارچەیی لیبیا دەکات. خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری ئۆساکای ژاپۆن وەڵامی هەڕەشەی هێزەکانی حەفتەری دایەوە و رایگەیاند، هەر رەفتارێکی دووژمنکارانە بەرامبەر بە وڵاتەکەی "باجێکی قورسی" بەدواوە دەبێت.

خولوسی ئاکار گوتی "بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا. باجی هەڵوێستی دووژمنکارانە و هێرشەکان زۆر قورس دەبێت و بەتووندترین شێوە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە. دەبێت بزانرێت کە بۆ ئەو مەبەستە بەرامبەر هەموو جمووجوڵێکی دوژمنکارانە و هەڕەشەیەک رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر". 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوا لە هێزەکانی حەفتەر دەکات ئەو تورکانە ئازادبکات کە دەستگیریکردوون و دەڵێت "دەستگیرکردنی شەش هاووڵاتیمان لەلایەن میلیشیا نایاساییەکانی حەفتەر کارێکی چەتەیی و رێگرانەیە. چاوەڕێدەکەین چی زووە ئەو هاووڵاتیانەمان ئازادبکەن. بەپێچەوانەوە ئەندامانی حەفتەر دەکرێنە ئامانج". 

"سوپای نیشتمانیی لیبیا" هێزەکانی حکومەتە دانپێدرانراوەکەی وڵاتەکەی بە "گرووپی تیرۆریستی" ناودەبات و تورکیاش بە پشتیوانیکردنیان تۆمەتباردەکات.

لەبەرامبەریشدا حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا رۆژی شەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و گوتی، ئەو چەکانەی هێزەکانیان دەستیان بەسەرداگرتوون لەلایەن وڵاتێکی بیانییەوە بۆ سوپاکەی حەفتەر نێردراون.

گوتەکانی بەرپرسانی "سوپای نیشتمانی لیبیا" و هێزەکانی سەر بە سەڕاج-یش لەکاتێکدان، لیبیا قەدەخەی ناردنی چەکی لەسەرە و نابێت هیچ وڵاتێک چەک رەوانەی لیبیا بکات و بەشێک بێت لە خۆشکردنی شەڕی ئەم وڵاتە.

رووداو - هەولێر

راپۆت