هەڵمەت غەریب

13 May 2019

avatar

دیموکراسی پاش باران و عێراقی دوای هەڵبژاردن

وا وردە وردە لەگەڵ کۆتایهاتنی وەرزی باران بارین دەر ئەنجامەکانی هەلبژاردنەکەی هەرێم ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پاش دوو وەرز لە ئەنجامدانی خەریکە ملامحەکانی کابینەی داهاتوو وەدەر دەکەون لەڕابردوودا هەمیشە لاڤ وگەزافی ئەوەمان لێدەدا لە زۆر شت لەپێش عێراقەوەین بەڵام دەرکەوت لە جەوهەریترین بابەتدا 
کەدەستاودەستکردنی دەسەڵات و دروستکردنی حکومەت و ریزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن زۆر لەدواوەین، لەم ڕوەوە یەکێتی نیشتمانی وەک هێزێکی سیاسی پشکی شێری بەردەکەوێت لە بێ بایەخ کردنی هەڵبژاردن وبابەتی دەستاودەستکردنی دەسەلات لەکوردستاندا وەبە لاوازیەکی زۆریشەوە ئەو حزبە دواجار هاتە ناو پرۆسەکە، دواتر هێزەکانی تر بەشێک لەبەرپرسیاریەتیەکەیان ئەکەوێتە ئەستۆ.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە درەنگ لەدایک بوونی حکومەت نیشانەی قورسی ئەو پەیامانەیە کە هەڵیگرتووە یان شەڕ و هەڵپەی دەستکەوتە تێیدا ؟؟!! باچاوەڕوان بین .بەڵام هەرچی تایبەت بێت بە هەڵبژاردنەکانی ئایاری پارساڵی عێراق ئەوە هەروا روداوێکی سانا نەبوو لە ناو پرۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆزدا ، ئەو هەڵبژاردنە پاش هەوڵی دابەشکردنی دەوڵەتەکە هاتە کایەوە، ئەو دەوڵەتەی کە ئێستاش هەمان مەیلی دابەشکاری تێدا ماوە ، ۱۲ ئایار تا رادەیەکی زۆر گۆرانکاری گەورەی هێنایە کایەوە لە پرۆسەی حوکمرانی عێراقدا هەندێکی ئیجابی و هەندێک سلبی ، لەوانەیە گرنگترینیان کردنەوەی لاپەرەی نوێی نێوان هەولێر ـ بەغدا بووبێت چونکە بۆ یەکەم جار بوو لە دوای ۲٠٠۳ هەندێ دەموچاوی سیاسی بێ پشت وپەنای سیاسی بێنە سەر کورسیەکانی دەسەڵات هەر لەسەرۆک کۆمارەوە کە سیاسیەکی تاک وتەنیایە تا سەرۆکی پەرلەمان وسەرۆک وەزیرانیش کە هیچیان خاوەنی پێگەی بەهێزی پەرلەمانی وسیاسی نین ،ئەمە سەرباری بەردەوامی ناسەقامگیری دوای هاتنی ئەم پیاوانە بۆ دەسەڵات بەجۆرێک تا ئێستا حکومەت تەواو نەکراوە وزۆریک لە وەزارەتەکان بێ وەزیرن بەهۆی رێکنەکەوتن و نەبوونی متمانەی سیاسی نێوان هێزەکان ، بۆیە عێراقی دوای ۱۲ ئایار عێراقێکی لاوازتر ولەرزۆک تر دەرکەوێت لەرووی سیاسی وئابوریەوە بەپێچەوانەی پێشبینیەکانەوە، هەمیشە ترسی سفرکردنەوەی پرۆسەی سیاسی یەکێکە لەسیما هەرە دیارو گریمان کراوەکانی ئەم عێراقەی ئەمڕۆ . هێشتا و پاش ساڵێک لە هەڵبژاردنەکان و دوو ساڵ لەوەدەرنانی داعش لەعێراقدا سیمای دەوڵەتداری بۆ وڵاتەکە نەگەراوەتەوە لەوانەیە ئاسانترین وەلام بۆ ئەمە نەبوونی ئیرادەی سیاسی و وابەستەیی بیت بە ئەجندای دەرەکی وبەتایبەت ئەجندای ئێرانی، ئێران لەپشت سستی پرۆسەی سیاسی وحوکمرانیەوەیە لەعێراقدا،لەم نێوەندەدا ئەبیت بپرسین کورد لەکوێی ئەم قۆناغە نوێیەی پرۆسەکەدایە ؟پارتی ویەکیتی چیان خستۆتە سەرباربۆ قۆناغە نوێیەکە لەناوململانێەکی توندی حزبیدا ؟ ئەمە جگە لەوەی نوێنەرایەتیەکی لاواز و هەڵپەرست کە بەناوی کوردەوە هەن لەبەغدا تاچەند توانیویانە پارێزگاری لەوەی لەدەستا ماوە بکەن نەک ئەوەی لەدەست چووە؟ لەراستیداڤئەوتیمە کوردیەی کە لەبەغدان لەسەرهەردوو ئاستی پەرلەمانی و حکومی زۆر لاوازن و لەئاستی پێگەی کوردی دوای ڕیفراندۆمدا نین تەنانەت بەشێکیان زمانیش نازانن وناتوانن بەرگری لەبچوکترین ئەرگۆمێنتی کوردی بکەن لەوبەغدایە بە نموونە ناتوانن وەلامی ئەو پرسیارە بدەنەوە لەڕووی سیاسیەوە بۆچی ڕیفراندۆمان کرد یان بۆ گەراینەوە بەغدا و بەشدار بوینەوە لەپرۆسەی سیاسی، ڕووی دەمم بەتایبەت لەو ستافە پەرلەمانیەیە کە مرۆڤ بەزەیی بە بەشێکیاندا دێتەوە ، ئەوەندە کۆلەوارو نەزانن وبەشێکیشیان بەس خەریکی شاتە شاتی سەر شاشەکانن، بۆ ناوی خواش دوو قسەی بەسودیان لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا نەکردوە بۆیە تەمەنا ئەکەم لەم خولەدا هیچ یاسایەک دەرنەچێت پەیوەندیدار بەکوردەوە چونکە لە باشترین حالەتدا لەیاسایی میزانیەی ئیتحادی باشتر نابێت ئەویاسایەی مێشکی عەوامیان پێ پڕ کرد بە چەواشەکردن بەوەی مەسەلەی موچە هێچ پەیوەندیەکی بەناردن یان نەناردنی نەوتەوە نیە کەچی لە ڕاستیدا لە هەرحالەتێکی سەرپێچی لەیاسای ناوبراو قوتی خەڵک ئەکەوێتەوە بەر مەترسی ، لاوازی ئەدائی کوردی لەبەغدا بەتایبەت ستافە پەرلەمانیەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەبەشێکی زۆریان لەڕێگای کرینی دەنگ وبەکارهێنانی پارەو دانی بەرتیل و بەکارهێنانی نفوذی کۆمەڵایەتیەوە گەیشتوون بە پەرلەمان و توانیویانە کورسی بەدەست بهێنن نەک لەسەر بنەمای توانای لێهاتووی و شارەزایی لە کاری پەرلەمانیدا خەڵک دەنگی پێدابن ، واتە بۆ دەسکەوتی شخسی وسفقات چون بۆ بەغدا نەک بۆ شەرکردن بۆ مافەدەستوریەکانی کورد ،بۆیە وا لاواز دەردەکەون لەکاری پەرلەمانیدا،بۆیە پێم وایە خول لەدوای خول پێگەو سەنگی کورد لە دامەزراوە فیدراڵیەکانی عێراقدا لاواز دەبێت و دواجار کیانی سیاسی هەرێمیش پێوەی لاواز دەبێت ، بۆیە پێویستە حکومەتی داهاتووی هەرێم بەجدی بیر لە پێداچوونەوە لە پێگەی کوردستان وبەشداری کارا لەدامەزراوە فیدڕالیەکاندا بکاتەوە بەجۆرێک هاوسەنگی بۆ سیستەمی فیدرالی لەعێراقدا بگێرێتەوە کە بەهۆی لاوازی حزوری کوردەوە و خراپی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقەوە دروست 
بووە.

هەڵمەت غەریب

راپۆت